گفتوگۆی نێوان وەفدی ڕوسیا و ئۆکراین لە سنوری بێلاڕوسیا بەردەوامە

28/02/2022
سنوری بێلاڕوسیا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوای زیاتر لە ٢٠ سەعات چاوەڕوانی، ئەمڕۆ دانوستانی نێوان وەفدی باڵای ڕوسیا و ئۆکراین لە ھەرێمی (گومیل)ی بێلاڕوسیا دەستپێکردو لە ئێستاشدا وەفدی ھەردوو وڵات لە کۆبوونەوەدان.

دەستپێکردنی دانوستانی نێوان ھەردوولا لە کاتێکدا بوو، دیمیتری بیسکۆف، نیگەرانی کرملنی دەربڕی کە نەتوانرابوو دوێنێ وەفدی ھەردوولا یەکتری ببینن.

دەربارەی دانوستانەکانیش سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند، وەفدی وڵاتەکەی داوای لە کشانەوەی تەواوەتی سوپای ڕوسیای کردووە لە ناو خاکی ئۆکراین بە دورگەری کریما و ھەرێمی دونباسیشەوە.
سەرۆکی ئۆکراین ڕاشیگەیاند، کیێڤ مەبەستیەتی لە کاتی گفتوگۆکاندا ھێرشەکانی ڕوسیا بۆسەر وڵاتەکەی ڕابگیرێت .

لە لایەکی دیکەوە دیمیتری بیسکۆف ڕەتیکردەوە، داخوازییەکانی وڵاتەکەی ئاشکرا بکات، کە ئاراستەی وەفدی ئۆکراینی کردووە لە گفتوگۆکانی گومیل، بەڵام جەختیکردەوە کە پێویستە وتوێژەکان بە ھێمنی بەڕێوە بچن.