وەزیری پێشمەرگە: رێگە نادەین خوێنی ھیچ پێشمەرگەیەکمان بەفێروبچێت

2021-11-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزیری پێشمەرگە لە شارەزوور، بەشداری پرسەی ھاوخەمی شەھیدانی دوێنێ شەوی پەلامارە تیرۆریستیەکەی داعش لە سنووری میحوەری کوڵەجۆ دەکات و راشیدەگەیەنێت، لە یەک دڵۆپ خوێنی ئەو شەھیدانە و شەھیدانی تری ھێزی پێشمەرگە خۆشنابین و بەتوندی وەڵامی تیرۆریستان دەدەینەوە و بەردەوام دەبین، تا لەرەگ و ریشەوە ھەڵیاندەتەکێنین.

ئەمڕۆ ۲٨ی ۱۱ی ۲۰۲۱ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە یاوەری سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەمال محەمەد، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن ھۆشمەند حیدر رەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە و عەمید عوسمان محەمەد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و ھۆشیاری نیشتمانیی، بەشداری پرسەی ھاوخەمی شەھیدانی پەلامارە تیرۆریستیەکەی دوێنێ شەوی سەر ھێزەکانمان لە سنووری میحوەری کوڵەجۆ کرد. 


لە میانی ئەو بەشداریانەدا، وەزیری پێشمەرگە، لەنزیکەوە، پرسەو سەرەخۆشی مەسڕور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی بەخانەوادەی سەربەرزی ئەو شەھیدە نەبەردانە گەیاند، ھاوکات خەمباری و نیگەرانی قوڵی وەزارەتی پێشمەرگەی بە خانەوادە و کەسوکارو ھاوسەنگەرانی ئەو پۆلە ئەفسەر و پێشمەرگە قارەمانانە راگەیاند، کە بەخوێنی ئاڵی خۆیان، بۆ پاراستنی سەنگەرەکانی بەرگری لە خاکی کوردستان گیانیان بەخشی. ھیوای شیفای خێراشی بۆ بریندارانی ئەو رووداوە خواست. 


وەزیری پێشمەرگە، وتی، لە پەروەردگاری مەزن داواکارین جێگای ئەو قارەمانانە بەھەشت بێت و سەبووری وئارامی بە ئێمەو ھەمووان بداتەوە. 


لەمیانی لێدوانێکیشی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، دووپاتیدەکاتەوە، کە رێگە نادەین یەک دڵۆپی خوێنی ئەو شەھیدانە و تەواوی شەھیدانی رێی خەباتی ئازادی و پاراستنی ئاشتی و ئارامی کوردستان و ناوچەکە بەفیڕۆ بڕوات و بەتوندترین شێوە وەڵامی ئەو پەلامارەی تیرۆریستانی داعش دەدەینەوەو، لەتێکشکاندن و ھەڵتەکاندنیان لەرەگ و ریشەوە بەردەوام دەبین.


ئاماژەشی بەوەکرد، لەماوەی رابردوو چەندین جار ھۆشداریمان لەبارەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و فەراغی ئەمنی لەوناوچانە دابوو، پێشتریش داوامان لە سوپای عیراق کردبوو ھەنگاوەکان خێراتربکرێنەوە بۆ ھەماھەنگی و ئەرک بینینی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ئەو ناوچانە.