لیژنەی كاروباری پێشمەرگە : پێویستە بۆشایی ئەمنی لە سەرجەم هێڵەكانی روبەڕوبوونەوە پڕ بكرێنەوە

2021-11-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێدا ڕایانگەیاندووە، پێویستە بۆشایی ئەمنی لە سەرجەم ھێڵەکانی روبەڕوبوونەوە پڕ بکرێنەوە .

دەقی ڕاگەیەنراوەکە : 
شەوی رابردوو جارێکی تر چەکدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ ھێرشیانکردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەھاناوەچوونی پێشمەرگەکان، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەھۆیەوە پێنج پێشمەرگە بەناوی(ئیبراھیم بارام - ئیسماعیل محەممەد -ئاراس سەمین -ئەمین حوسێن-نەبەرد سەعید) شەھیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.
لێرەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان دەکەین و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. ئەم ھێرشانە کاری بەردەوامی تیرۆریستەکانە بۆ بە ئامانج گرتنی خەڵک و خاکەکەمان، بۆیە بەردەوام ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو مەترسییەک ئازایانە رووبەڕووی تیرۆریستەکان بوونەتەوە. داواکارین لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەلە بکەن لە رێکخستنەوەی لیوا ھاوبەشەکان و زیاتر گرنگی بدرێت بە ھەماھەنگی لیژنەی ئەمنی ھاوبەش لەنێوان سۆپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە، بۆئەوەی بۆشایی ئەمنی لەسەرجەم ھێلەکانی رووبەڕووبوونەوە پڕ بکەنەوە، تاکو تیرۆریستانی داعش زەفەر نەھێنن و ئەم رووداوە نەخوازراوانە دووبارە نەبنەوە.
لێرەدا وەکوو لیژنەی کاروباری پێشمەرگە جارێکیتر ئیدانەی ھێرشەکە دەکەین و پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و کەس و کاری سەربەرزی شەھیدەکان دەکەین.