سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەلامارەکەی داعش لە کوڵەجۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە

2021-11-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەلامارەکەی داعش لە کوڵەجۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێدا ڕایگەیاندووە، سەرەتا سەرەخۆشی و ھاوخەمیی قووڵم پێشکەش بە خانەوادەی ئەو شەھیدە قارەمانانەی شەوی ڕابردوو دەکەم ، فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و ھێرەشەکانی داعش، پەیامی جددیی ترسناکن و ھەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینە لە ناوچەکە دەھێنێتەوە ئاراوە.

 دەقی پەیامەکە : 
پەیامێک لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە
سەرەخۆشی و ھاوخەمیی قووڵم پێشکەش بە خانەوادەی ئەو شەھیدە قارەمانانەی شەوی ڕابردوو دەکەم کە لە کاتی بەھانەوەچوونی ھاوسەنگەرانی پێشمەرگەیاندا لە سنووری کوڵەجۆ، شەھید بوون و گیانیان بەخشی. 
لە خوای مەزن داواکارم گیانیان بە بەزەیی و میھرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزیان ببەخشێت. ھیوای زووچاکبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازم.
فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و ھێرەشەکانی داعش، پەیامی جددیی ترسناکن و ھەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینە لە ناوچەکە دەھێنێتەوە ئاراوە. بۆیە ھاریکاری و ھەماھەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق بە پشتیوانیی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێویستییەکی بەپەلەی ھەنووکەیی و لەپێشینەیە.
داوا دەکەین میکانیزمی ئەو ھەماھەنگییە لەنێوان لایەنە پەیوەندارەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی عیراقدا بە ھاوبەشی و پشتیوانیی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاراتر و فراونتر بکرێت و پێکەوە بە ھەموو ھێز و توانایەکەوە بەرەنگاری تیرۆرستانی داعش و ھەڕەشە و مەترسییەکانی ببینەوە.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢١/١١/٢٨