ئەکتەرێکی دیاری ھۆڵیود وێنەگرێکی ستافی فیلمەکەی دەکوژێت

2021-10-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
میدیاکانی جیھان بڵاویانکردەوە کە ئەکتەری ناوداری ئەمریکی "ئاڵێک باڵدوین" لە میانی وێنەگرتنی فیلمە نوێیەکەی بە ناوی "ڕەست" لە ناوچەی "سانتا فێ"ی ویلایەتی "نیو مێکسیکۆ"، فیشەک لە دەستی دەردەچێت و لە ئەنجامدا بە ھەڵە بەڕێوەبەری وێنەگرتنی ستافی فیلمەکە "ھاڵینا ھەچنس" دەکوژێت و "جۆڵ سوزا"ی دەرھێنەریش بریندار دەکات.

بە پێی زانیارییەکانیش "ھاڵینا ھەچنس" پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی "نیو مێکسیکۆ" گیانی لە دەستداوە و "جۆڵ سوزا"ی دەرھێنەریش لە سەنتەری پزیشکی "کریستەس سانت ڤینسنت" لە ژێر چاودێری چڕدایە.


لە ئێستاشدا ھیچ سکاڵایەک لە دژی ئەکتەرەکە تۆمار نەکراوە و دوای وەرگرتنی وتەکانی لە بنکەی سەرەکی پۆلیسی ناوچەی "سانتا فێ"، بە شێوەیەکی کاتی ئازادکراوە تاکو لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.


لەو بارەیەشەوە "خوان ڕیۆس" وتەبێژی نوسینگەی پۆلیسی "سانتا فێ" ڕایگەیاند، وەک ھەر کەیسێکی تری تەقە کردن مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوەش دەکەن دوور لە ڕەچاوکردنی پێگە و کەسایەتی "ئاڵێک باڵدوین".


ئاماژەی بەوەشدا، دوای ڕووداوەکە ئەکتەرەکە لە بارێکی دەروونی ناجێگیر و شۆکدا بووە بەڵام دواتر خۆویستانە سەردانی بنکەی پۆلیسی کردووە و وتەی وەرگیراوە، لە ئێستاشدا دەست بەسەر ئەو چەکەدا گیراوە کە پێویست بوو تەنھا بۆ نمایش بێت و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.