سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی ناچار نییە ملیۆنان کۆچبەر رابگرێت و خزمەتکاریش بۆ کەس ناکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، تورکیا نابێتە شوێنێک بۆ راگرتنی ئەو سەدان ھەزار کۆچبەرەی کە دەیانەوێت روو لە وڵاتانی ئەوروپا بکەن و پێویستە بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
وتیشی، ئێستا وڵاتەکەی چوار ملیۆن و نیو کۆچبەری لەخۆگرتووە و ئامادە نین ببنە خزمەتکاری دراوسێکانیان و دەبێت بە ھاوبەشی ئەو دۆسیە یەکلا بکەنەوە.
ھاوکات کیریاکۆس میتسوتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان رایگەیاند، لەگەڵ ئەردۆغان گفتوگۆی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران کردووە و تورکیاش بۆ یۆنان ھاوبەشێکی گرنگە.
بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەردۆغان و میتسوتاکیس لە پەراوێزی چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆببنەوە.