وەزیری دارایی هەرێم گرێبەستی وەرگرتنی ٢٠٠ ملیار دیناری لە بانکی رەشید ئیمزا کرد

2023-12-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی دارایی ھەرێم رایگەیاند، ئیمزای وەرگرتنی ٢٠٠ ملیار دیناری دیکەیان بە قەرز کردووە و پێشتریش ٥٠٠ ملیاریان قەرزکراوە، بڕیارە دوای گەیشتی پارەکان دەستبە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری لە بەغداد گرێبەستی وەرگرتنی ٢٠٠ ملیار دیناری وەک قەرز لە رێگای بانکی رەشیدەوە ئیمزا کرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەچەند رۆژی ڕابردوودا گرێبەستی وەرگرتنی ٥٠٠ ملیار دیناریان لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقییەوە ئیمزا کردووە و چاوەڕوانن لە نزیکترین کاتدا پارەکە بگاتە سەر ھەژماری بانکی وەزارەت لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بە رۆژی دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە نەکردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، دوای گەیشتنی بڕی قەرزەکان لە رۆژانی داھاتوودا، راستەوخۆ وەزارەت خشتەی مووچە رادەگەیەنێت و دەستبە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.