عێراق و تورکیا لەسەر شێوازێکی نوێی ئاڵوگۆڕی بازرگانی رێککەوتن

2023-12-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، تورکیا و عێراق رێککەوتن ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ھەردوولادا بە یۆرۆ و لیرەی تورکی بێت و ئەوەش ھاوکار دەبێت لە زیاتر جێگیربوونی بەھای دینار لە بەرامبەر دراوە بیانییەکانی دیکەدا.

بانکی ناوەندیی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی و نوێنەرانی بانکە ئەھلییەکانی عێراق و تورکیا رێککەوتن کرا لەسەر پێکەوەکارکردنی بانکەکانی ھەردوو وڵات و کارئاسانی بۆ گەورە بازرگانانی ھەردوولا کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و قەرزەکانیان بە یۆرۆ و لیرەی تورکی بدەنەوە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، رێککەوتنیشکرا لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ بازرگانانی بچوک بە دینار بەرامبەر یۆرۆ یان دینار بەرامبەر لیرەی تورکی بێت، بەجۆرێک کاتێک لەعێراق بە دینار پارەی کاڵاکان بە دینار خرایەسەر ھەژماری بانکی، ئەوا لە تورکیا بە یۆرۆ یان لیرە پێی دەدرێتەوە، ئەوەش کارئاسانی بۆ ھەزاران بازرگانی عێراق دەکات و لەمەترسییەکانی پارەدانی ناڕەسمی دوریان دەخاتەوە.