سوپای عێراق تیرۆریستانی داعش لە گوندێکی سنوری مەخموور گەمارۆ دەدات

2023-12-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سوپای عێراق و ھێزێکی پێشمەرگە لە گوندێکی سنوری مەخموور تیرۆریستانی داعشیان گەمارۆداوە و خێزانێکی کوردیشیان لە دەستی تیرۆریستان رزگارکرد.

غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخش لە ھێزی پێشمەرگە لە سنوری مەخمور بە کوردسات نیوزی راگەیاند، شەوی رابردوو لە نێوان  گوندی  عەلیەڕەش و  دووسەرە لەدەشتی  قەراجی سەر بە مەخموور، شەڕ لەنێوان سوپای  عێراق و تیرۆرستانی داعش  روویدا، تیرۆریستان لە گوندێکی دەشتی قەراج لەلایەن ھێزێکی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە گەمارۆدران، ھاوپەیمانانیش بە فڕۆکە بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.

وتیشی، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکەدا سەربازێکی سوپای عێراق کوژراوە و دوو سەربازی تریش برینداربوون، بەپێی زانیارییەکان تیرۆریستێکی داعشیش کوژراوە.

راشیگەیاند، لەلایەن ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق خێزانێکی کورد لە دەستی تیرۆریستان رزگارکران، کە لە گوندی کۆڵتەپە لەلایەن تیرۆریستانەوە گەمارۆدرابوون.