پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بڵاوکردەوە

2023-11-20   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێویستە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازیی کوردستان کۆببنەوە.

د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بۆ ئەوەی لە وتارەوە بۆ کردار بچن، پێویستە بە زوترین کات بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەبەشداریی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازیی کوردستاندا کۆببنەوە و ڕوون و ڕاشکاوانە، داھاتی گشتیی و مافی دارایی و موچەو پرۆسەی خوێندن، تاوتوێبکەن و چارەسەری بکەن.

جەختی لەوەشکردوەتەوە، ماف و موچەو خوێندن نەکرێنە کارتی ھەڵبژاردن و سازشی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، چونکە بۆ ھەمیشە شوێنی کار و ھۆڵەکانی خوێندن، پیرۆزترین شوێنن تیایاندا ھەموومان، بەیەکبگەن، ئیرادە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی یەکبخەن.