تورکیا: بۆری گواستنەوەی نەوت ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم

2023-10-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزیری وزەی تورکیا دەڵێت بۆری گواستنەوەی نەوت ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کار بۆئەوە دەکەن لەم ھەفتەیەدا پڕۆسەکە دەستپێبکاتەوە

ئەرسەلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە پیشانگەی نێودەوڵەتیی نەوت لە ئەبوزەبی ئاماژەی بەوەکرد، کار بۆئەوە دەکەن لەم ھەفتەیەدا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیاوە دەستپێبکەنەوە و لە ئەمڕۆش بەدواوە ئەو بۆریە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم.

وتیشی، ھەموو ئەو زیانانەی بەھۆی بومەلەرزە و لافاوەوە بەر بۆری گواستنەوەی نەوت کەوتبوون چارەسەرکراون و ھەموو پشکنینەکانیش بۆ سەلامەتی بۆری گواستنەوەی نەوت لە نێوان عێراق و تورکیا تەواوبووە.

دوای بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی حکومەتی عێراق، لە ٢٥ی ئاداری ئەمساڵەوە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە راگیراوە و چەند جارێکیش کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان عێراق و تورکیا کراوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە.




 زۆرترین خوێندراو