گەلاوێژ خان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کرد و رایگەیاند، دڵنیام بە بیری ورد و پلانی تۆکمە و خوێندنەوەی پێشھاتەکان، ئەرکی خۆتان جێبەجێدەکەن.
دەقی پەیامەکە:
پیرۆزبایی بۆ کاکە بافڵ و یەکێتییەکان
کوڕی شیرینم کاکە بافڵ سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، لەقووڵایی دڵەوە پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی حزبی شەھیدان لە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و خودی جەنابی مام و تەواوی پێشمەرگە قارەمانەکان و زیندانیان و ھەموو خەڵکی کوردستان و جەماوەری بەرفراوانی یەکێتی و تەواوی ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەڕابەرایەتی جەنابتان، دەکەم.
سەرکەوتنی کۆنگرەی یەکێتی لەناو ئاپۆرای ئامادەبوان و دەستلەسەردڵی خەڵکی کوردستان و یەکێتییەکان، مژدەیەکی گەورەیە بەرەو سەرکەوتنی زیاتری ئەم حزبەی کە پەروەردەی قوتابخانەی سەرۆک مام جەلال-ە. ئێوەی سەرکردایەتی نوێ و بەتایبەتی تۆی کوڕی شیرینم بەپرسیارێتیەکی یەکجار گەورەتان خستووەتە ئەستۆی خۆتان، بەڵام دڵنیام بە بیری ورد و پلانی تۆکمە و خوێندنەوەی پێشھاتەکان، ئەرکی خۆتان جێبەجێدەکەن و یەکێتیی قاڵبووی ھەوازە سەخت و نشێوە دژوارەکان و کارەساتە خوێناوییەکان دەکەنەوە بەو یەکێتییەی کە جێی ئومێدی تەواوی خەڵکی کوردستان و نەتەوەی کورد دەبێت.
نامەوێت بەم پەیامە کورتە ھەر پیرۆزبایی لە خۆت و ھەڤاڵەکانت بکەم، بەڵکو دەمەوێت ئەوەت بیربھێنمەوە تۆ کوڕی ئەو مام جەلال-ەی کە بووەتە سیمبولی بیری ورد و قوتابخانەی کوردایەتی و (ێەمام الامان)ی عێراق و کۆکەرەوەی دژەکان نەک ھەر لە ئاستی کوردستان و عێراق بەڵکو لە ناوچەکە و جیھانیشدا، بۆیە چاوەڕێی ئەوەتان لێدەکەم رێبازە پیرۆزەکەی مامی کوردان بەرنەدەن و ھەموو توانایەکتان بخەنەگەڕ لەپێناو ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانی ھەموو خەڵکی کوردستان بە ھەموو حزب و پێکھاتە جیاکانیەوە.
دووبارە پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەکەتان لێدەکەم و ئومێدەوارم لە ئاستی چاوەڕوانیی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بیت.
گەلاوێژ