ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی ئەیلول، ئەدھەم بارزانی بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و تەواوی ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی کرد و رایگەیاند، "یەکێتی وەک ھێزێکی کاریگەر سەنگ و قورسایی خۆی ھەیە و لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە پێگەیەکی بەھێزی ھەیە" وتیشی: "بە پشتیوانی خوای گەورە کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام دەدەن و ھیوای زیاتر بە خەڵک و میللەتەکەمان دەبەخشن".
لە دەقی پەیامەکەی ئەدھەم بارزانیدا ھاتووە، "بۆ برای بەڕێزم کاک بافڵ جەلال تاڵەبانی و تەواوی کادیر و ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ھێژا. وێڕای سڵاو و ڕێزمان بەبۆنەی بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی و نوێبوونەوەی حزبەکەتان پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوی کادیری و لایەنگرانی یەکێتی دەکەم. ئومێدەوارم کۆنگرەی ئەمجارەی یەکێتی ببێتە ھۆکاری زیاتر ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی و بەدەستھێنانی ئامانج و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان".
ئەدھەم بارزانی بەشێکی پەیامەکەی تەرخانکردووە بۆ باسکردن لە "گرنگی نوێبوونەوەی یەکێتی"، و ئاماژەی بەوەکردووە، "نوێبوونەوە لە سیاسەتی حزبەکەتان دەرفەتێکی زێڕینە بۆ یەکخستنی نێوماڵی کورد و بەھێزکردنی پێگەی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم.
ئەو کەسایەتییە سیاسییەی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "یەکێتی وەک ھێزێکی کاریگەر لەسەر گۆڕەپانی سیاسی سەنگ و قورسایی خۆی ھەیە و جگە لەسەر ئاستی ناوخۆی ھەرێم، پێگەیەکی بەھێزیشی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە ھەیە. ئەمەش وادەکات بەستنی کۆنگرە لەم دۆخەدا کاریگەریی خۆی ھەبێت و وابکات دۆخی ھاووڵاتییانی ھەرێم لە چەقبەستوویی دەرباز بکات".