دادگای لێکۆڵینەوەی موسڵ راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی حەمدانیە بڵاوکردەوە

2023-09-27   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دادگای لێکۆڵینەوەی موسڵ رایگەیاند، ھۆکاری سەرەکی ئاگرەکەی حەمدانییە یارییە ئاگرینەکان و کەرەستەکانی ناو ھۆڵەکە بووە، دەشڵێت، خاوەنی ھۆڵەکە و چەندین کەسی دیکەیان دەستگیرکردووە.

دادگای لێکۆڵینەوەی موسڵ راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی حەمدانیە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، لە یەکەم ساتی دوای رووداوەکەوە دادوەری لێکۆڵینەوە سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووە و وتەی لە نۆ شایەتحاڵ وەرگرتووە و بەپێی ماددەی ٣٤٢/ ١ و ٢ و ٤ لە یاسای سزادانی عێراقیش فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ چەند کەسێک دەرکرد کە پێکھاتبوون لە خاوەنی ھۆڵەکە و سەرپەرشتیارەکەی، دواتر ئەو کەسانە لە ھەولێر خۆیان رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کرد و رەوانەی موسڵ کراونەتەوە بۆئەوەی لە رووی یاساییەوە وتەیان لێوەربگیرێت.

راشیگەیاندووە، ھۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەکە یارییە ئاگرینەکان و کەرەستەکانی ناو ھۆڵەکە بووە کە زۆربەیان پلاستیک بوون و بە زوویی ئاگریان گرتووە و دەرگای تایبەت بە حاڵەتی کتووپڕی ھۆڵەکەش زۆر بچووک و دوور بووە و ئەو کەسانەی لەناو ھۆڵەکە بوون نەیانتوانیوە پێی بگەن.

 


 زۆرترین خوێندراو