ناوەندێکی توێژینەوە دەڵێت، چارەسەرکردنی کێشەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، پێویستی بە رێککەوتنی سێ قۆڵی تورکیا و بەغداد و ھەرێمی کوردستانە.
پەیمانگەی کەنداوی عەرەبی بۆ توێژینەوە لە واشنتۆن رایگەیاند، ھەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان پەیوەستە بە رێککەوتنی نێوان بەغداد و ئەنقەرە، بەڵام بۆ چارەسەری ھەمیشەیی نابێت ھەرێمی کوردستان بێبەشبکرێت و دەبێت رێککەوتنی سێ قۆڵی لەنێوان تورکیا و بەغداد و ھەرێمی کوردستان بکرێت.
پەیمانگەکە راشیگەیاندووە، ھەرێمی کوردستان ھاوبەشێکی سەرەکییە و رۆڵێکی ئەرێنی ھەیە لە ئیدارەدانی ئەو دۆسیایانە و چارەسەرکردنی، لەئێستاشدا کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێم ناچاربوون بەرھەمھێنانیان بەھۆی راگرتنی نەوتەوە کەمبکەنەوە، ئەگەریش بەغداد و ئەنقەرە بگەنە رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی ھێڵی نەوتی کەرکوک_جەیھان، ئەوا ئاستی بەرھەمھێنان زیاددەکاتەوە و ھەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل بنێرێتە کۆمپانیای سۆمۆ.
لە رۆژی ٢٥ی ئاداری ئەمساڵ، لەسەر بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا راگیرا، بە وتەی لێپرسراوانی حکومەتی ھەرێمیش، لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا کە نەوتی ھەرێم راگیراوە نزیکەی شەش ملیار دۆلار زیان بەر ھەرێم و عێراق کەوتووە.