کونسوڵخانەی ئەمریکا: لە ھەرێم رۆژنامەنووسان ھەڕەمەکیانە دەستبەسەر دەکرێن

2023-09-26   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمریکا لە پاشەکشەی ئازادیی رۆژنامەوانی لە ھەرێمی کوردستان نیگەرانە و رایدەگەیەنێت، رۆژنامەنووسان بە ھەڕەمەکی دەستبەسەردەکرێن و بە نایاسایی پشکنین بۆ ئامێرەکانیان دەکرێت.

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەولێر لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، مارک سترۆ کونسوڵی ئەمریکا لەگەڵ رۆژنامەوانانی ژمارەیەک ناوەندی راگەیاندنی سەربەخۆ کۆبووەتەوە و دەستخۆشی لێکردوون لە بەرامبەر ھەوڵە بەردەوامەکانیان، بۆ رووماڵکردنی بێلایەنانەی ھەواڵە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان.

کونسوڵخانەی ئەمریکا دەشڵێت، نیگەرانییەکانیان لەبارەی پاشەکشەکانی ئەم دواییەی ئازادیی رۆژنامەوانی لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامن، لە نموونەی دەستبەسەرکردنی ھەرەمەکیانە و پشکنینی نایاسایی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و کەموکوڕیی لە جێبەجێکردنی یاسای کاری راگەیاندن و یاسای مافی بەدەستھێنانی زانیاری.

لە مانگی ئاداری ئەمساڵیش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی دۆخی ئازادی رادەربڕین و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان رەخنەی لە حکومەتی ھەرێم گرت.