بەشار ئەسەد کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان رەتدەکاتەوە

2022-12-03   |  
فۆتۆ: 
ڕێبوار
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رەتدەکاتەوە و پێی وایە کۆبوونەوەی لەو جۆرە پێگەی ئەردۆغان لە ھەڵبژاردنی ساڵی داھاتووی تورکیا بەھێز دەکات.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەوە بڵاویکردوەتەوە، ئەسەد پێشنیازی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان بە ئامادەبوونی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا رەتکردۆتەوە.

بەوتەی سەرچاوەکان، ئەسەد پێی وایە کۆبوونەوەیەکی لەو جۆرە پێگەی ئەردۆغان لە ھەڵبژاردنی ساڵی داھاتووی وڵاتەکەی بەھێز دەکات بە تایبەتی ئەگەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئامانجی ئەنقەرە بۆ ناردنەوەی سێ میلۆن و ٦٠٠ ھەزار ئاوارەی سوریا لە تورکیا بکرێت.

یەکێک لە سەرچاوەکان وتویەتی، بۆچی سەرکەوتنی خۆڕایی ببەخشنە ئەردۆغان و بەر لە ھەڵبژاردنی تورکیا نزیکبوونەوە روونادات، تەنانەت سوریا بیرۆکەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ھەردوو وڵات رەتدەکەنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە ھەفتەی رابردوو سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، تورکیا دەتوانێت لەگەڵ سوریا رەوشەکە بخاتەوە سەر رێڕەوی دروستی خۆی.