وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ١٤ ھەزار کەس بەتۆمەتی کێشان و بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون، دووپاتیشیکردەوە، ماددەی ھۆشبەر بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەی کردووە و ھەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەکات.
لیوا خالید محنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر شێوازی جیاواز دەگرنەبەر بۆ قاچاخچێتی و ھێنانی ماددەی ھۆشبەر بۆ ناو وڵات، وەک بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفرۆکەوان و شاردنەوەی لە نێو کەلوپەل.
رونیشیکردەوە، ئەو ماددە ھۆشبەرەی دەھێنرێتە ناو وڵات لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون بازرگانی پێوە دەکرێت، لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە ١٤ ھەزار کەس بە تۆمەتی بارزگانی و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون.
جەختیشی کردەوە، ماددەی ھۆشبەر بووەتە ھەڕەشە و پێویستی بە ھەوڵی جدییە بۆ کۆنترۆڵکردنی.
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەمساڵدا چوار ھەزار و ٥٠٠ بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەر چارەسەریان بۆکراوە کە زۆرینەیان تەمەنییان لە نێوان ١٥ بۆ ٣٠ ساڵدایە.