بۆ جاری چوارەم شیروان شیروانی لە چاکسازی گەورانی ھەولێر سزادەدرێت

2022-12-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بۆ جاری چوارەم ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بەبێ ھیچ ھۆکارێک لە زیندانی چاکسازی گەورانی ھەولێر سزادەدرێت.

ئەیھان سەعید نوێنەری زیندانیانی بادینان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لە چاکسازی گەورانی ھەولێر زیندانیانی بادینان بەبێ ھیچ ھۆکارێک سزادەدرێن و لەدواین پێشھاتیشدا ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بۆ جاری چوارەم بەبێ ھیچ ھۆکارێک سزادراوەتەوەو  بێبەشدەکرێت لەھەر مافێکی ئاسایی زیندانییەک.

راشیگەیاندووە، ماوەیەکە بە پلان و بەشێوازێکی بەرنامە بۆ دارێژراو بیانوو بە زیندانیانی بادینان دەگیرێت، لەکاتێکدا کۆی بیانووەکان نالۆژیکین و پێی سزادەردرێن و دەخرێنە ھۆڵی دیکە و تاکەکەسی و لە ھاوڕێکانیان جیادەکرێنەوە و دەرون و کەشێکی نائارامیان بۆ دروستدەکرێت و بێبەشدەکرێن لە مافی پەیوەندیکردن و بینین و بابەتی بەشداریکردن لە کۆرس و ئەو خولانەی لە چاکسازی ئەنجامدەدرێن .

ئەیھان سەعید باسی لەوەشکردووەە، گوھدار زێباری دوای تێپەڕبوونی ٩٠ ڕۆژ لەسزادانی کە بەبێ ھیچ ھۆکارێک سزادرابوو تاوەکو ئێستا سزاکەی بەردەوامە و ئیدارەی چاکسازی ئامادەنین بیگوازنەوە لای ھاوڕێکانی.

نوێنەری زیندانیانی بادینان داوا لە رێکخراوەکان و  ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان دەکات بەردەوامی بدەن بە پشتگیری لە کەیسی زیندانیانی بادینان تاوەکو ئازادی سەرجەم زیندانیانی بادینان.