ھەولێر، ھەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەزیری نەوتی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (العراقیە)، بۆ جارێکی دیکە لە باسکردنی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان، ڕای گشتی بەلاڕێدا دەبات و ھەوڵی ئەوە دەدات ڕاستییەکان بشێوێنێت. لە کاتێکدا پێشێلکاری و نایاسییەکی زۆر لە دۆسیەی نەوت و گازی عێراقدا ھەیە، ھەر لە گۆڕینی گرێبەستەکانی نەوت بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بگرە، تا بە ھەدەردانی ملیۆنان دۆلار لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ لە فرۆشتنی نەوت و بزربوون و بە ھەدەر دانی نەوت و چەندین دۆسیەی دیکە.
ھەرێمی کوردستان بە بێ ئەوەی ھیچ بارگرانییەک لە سەر بودجەی گشتی عێراق دروست بکات و بەھۆی سیاسەتێکی حەکیمانەوە و بە پێی مافە دەستووریەکانی، توانیویەتی بە ڕاکێشانی وەبەرھێنانی دەرەکی، پەرەی بە بەرھەمھێنانی نەوتدا داوە کە لە بەرژەوەندی گشتی خەلکی عیراق بووە. کۆی گشتی پرۆسەی نەوت و گازی کوردستان و داھاتەکەشی، لە ژێر چاودێری و وردبینی یەکێک لە کۆمپانیا بەناوبانگەکانی جیھان لە بواری وردبینیەوەیە کە ئەویش کۆمپانیای دیلۆیتە.
قسەکانی وەزیری نەوتی فیدرال ، ناتوانێت ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە ساڵانە بە بودجەی زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلار لە سەر حیسابی خەڵکی عیراق و ھەرێمی کوردستان کە تەنانەت بە خەرجیش ھەژمار ناکرێت و لەو دوازدە ملیار دۆلارەش بەشی ھەرێمی کوردستانیش بۆ خۆیان خەرج دەکەن، سەرەرای ئەوەی زۆربەی ھەرە زۆری کێلگە زەبەلاحەکانی باشووری عیراق لە سەردەمی حکومەتەکانی پێشوو دۆزراونەتەوە، کەچی ئاستی بەرھەمھێنانیان تەنیا بە ڕێژەی ۱ ملیون بەرمیل زیادی کردووە، لە کاتێکدا بە پێی قسەکانی وەزارەتی نەوتی عیراق خۆی، دەبووایە ئێستا ڕۆژانە ١٠ ملیۆن بەرمیلیان بەرھەم ھێنابووایە. پرسیار ئەوەیە لە کاتێکدا سەدان ملیار دۆلار کە لە سەر حیسابی خەلکی عێراق بەفیرۆدراوە، لە چیدا بە کار ھێنراوە؟
ئێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، تۆمەتەکانی وەزیری نەوتی عێراق سەبارەت بە جیاوازیی نێوان گرێبەستەکان و بڕی دەرھێنراوی کێڵگەکانی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕەت دەکەینەوە، ھەروەک چۆن بڕیارە نادەستوورییەکەی دادگای فیدراڵی عێراقیش دژی کەرتی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی سیاسی دەزانین کە مەبەست و مەرامەکەی گوشار خستنە سەر ھەرێمی کوردستان و بودجە و بژێوی خەڵکی ھەرێمە.
ئێمە بە مافی خۆمان دەزانین کە لێکوڵینەوە لە کۆی گشتی پرۆسەی نەوتی عێراق بکرێت و چیتر پەلاماردانی ھەرێمی کوردستان، بۆ پەردەپۆشکردنی دۆسییە ناشەفافەکانی نەوتی عێراق بە کار نەھێنرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢