بۆ جاری دووم ئێران بارەگاکانی حزبی دیموکراتی لە کۆیە بۆردومانکردەوە، بەپێی دواین زانیارییەکانیش لە بۆردومانەکانی ئەمرۆدا تائێستا ٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٢٠ کەسیش برینداربوون.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئێران بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانی لە زڕگوێزەڵە و کۆیە و پردێ بۆردومان کرد و کەمێک لەمەوبەریش بۆ جاری دووەم بارەگاکانی حزبی دیموکراتی لە کۆیە بۆردومانکردەوە.
نەوید میھراوەر ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بە ١٢ درۆن و دوو مووشەک بارەگاکانیان لە زڕگوێزەڵە بۆردومان کراوە و ٢ ئەندامیان برینداربوون.
ھەروەھا حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سەعات ١٠.٣٠ خولەکی بەیانی ئێران بە مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوانی بۆمبرێژکراو ھێرشیکردووەتە سەر بارەگانیان لە کۆیە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ٢ کەس بە ناوەکانی ( میلاد پیرساحێب و ھاجەر) گیانیان لەدەستداوە و کۆمەڵێک پێشمەرگەی تریش برینداربوون.
بەرپرسێکی حزبی دیموکرات بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئێران بە زیاتر لە ٣٠ درۆنی بۆمبرێژکراو و چەندین مووشەک بنکە و بارەگاکانی حزبی دیموکرات و قوتابخانە و نەخۆشخانەیەکی بۆردومانکردوە.
ھەر لە درێژەی بۆردومانەکاندا، بە فرۆکەی بێفرۆکەوانی بۆمبرێژکراو سەنگەرەکانی پارتی ئازادی کوردستان لە پردێ و بەرزاییەکانی پشت ناحیەی سەرگەڕان کرانە ئامانج.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ھەولێر رایگەیاند، ١٣ برینداری کۆیە و پردێ گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەولێر، ٣ لەو بریندارانەش کە دووانیان لە پردێ و یەکێکیان لە کۆیە برینداربووە گیانیانلەدەستداوە.