خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لەناوخۆ و دەرەوەی ئێران لەدژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی ١٢ رۆژە بەردەوامە و خۆپیشاندەرێکی دیکەی کوردیش کوژراو و کچەکەی ھاشمی رەفسنجانیش دەستگیرکرا.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لەبەردەمی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکاندا، گەنجێکی خەڵکی شاری سونقوری سەر بە پارێزگای کرمانشان بەناوی عەلیرەزا فەتحی تەمەن ٢٢ ساڵ لە خۆپیشاندانەکانی شاری قەزوین بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان کوژراوە.
ھاوکات ئاژانسی تەنسیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، ھێزە ئەمنییەکان، بەتۆمەتی ھاندانی خۆپیشاندەران ( فایزە ھاشمی) کچی ھاشمی رەفسنجانی سەرۆک کۆماری پێشووتری وڵاتەکەیان دەستگیرکردوە.
لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران لە وڵاتانی جیھانیش خۆپیشاندانی رەوەندی ئێران لەدژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمنینی درێژەی ھەیە.
بەپێی دواین ئامارەکان، لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران کە لە ١٦ی ئەم مانگەوە دەستیان پێکردووە، تا ئێستا ٧٦ کەس کوژراون کە ١٩یان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانن، ھەروەھا زیاتر لە ھەزار کەس لە شارەکانی رۆژھەڵات دەستگیرکراون کە ٥٢یان ژنن.