بۆ رۆژی پێنجەم ،تۆپخانەکانی ئێران ناوچە سنورییەکانی برادۆست تۆپباران دەکەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند ، ئەمرۆش تۆپخانەکانی ئێران لە سنوری برادۆست بە چڕی تۆپبارانی ناوچەکانی بەربزین و ناوڕووبارا و سەقەر و ممبەر دەکەن و لەماوەی کەمتر لە ٥ خولەکدا زیاتر لە ١٠٠ تۆپ ئاراستەی ئەو ناوچانە کراون .
رۆژی سێشەممەش، سەرباری تۆپبارانەکان ، درۆنێکی ئێرانی کە بۆمبڕێژکراو بوو خۆی تەقاندەوە بە بنکە و بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگەی دیموکرات لە دەوروبەری گوندی (مێرگەی) سەربە قەزای چۆمان ، بۆردومانەکە ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە بەڵام ئاگر لە پوش و پاوان و دارستانی سنورەکە کەوتەوە.
ماوەی پێنج رۆژە تۆپخانەکانی ئێران، تۆپبارانی سنوری گوندەکانی باڵەکایەتی و برادۆست دەکەن و بەوھۆیەوە بەشێک لە گوندنیشانی سنورەکە ماڵ و حاڵیان بەجێھێشتووە.