وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێم تاوتوێی چۆنیەتی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان دەکات، وەزیری سامانە سروشتییەکانیش بە وەکالەت دەڵێت، بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان چەند پێشنیازێک خراونەتەڕوو.
"کەمال محەمەد " وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم بە وەکالەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی وەزارەتی کرد بە مەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان و بەنزین و پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت.
وەزیری سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان گفتوگۆ لەسەر چەند پێشنیاز و بۆچوونێک کران.
ھەروەھا پێداگیری کرا لەسەر کوالێتی بەنزین و داوایکرد ئەو کەسانەی دەستکاری کوالێتی بەنزین دەکەن ئیجرائاتی یاساییان لەگەڵ لەگەڵدا بکرێت.
کۆبوونەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەکاتێکدایە کە بەم وەرزی گەرمایە نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی بە ٢٧٠ ھەزار دینارە.