ڕەوشی تەندروستی دەستگیرکراوانی بادینان خراپە

2022-08-09   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
داواکاری گشتی ھەرێمی کوردستان، بۆچوونی خۆی لەبارەی دەستگیرکراوە مانگرتووەکانی شیلادزێ بۆ سبەینێ دواخست، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانیش دەڵێت، مانگرتووەکان تەندروستیان خراپە و پڕۆسەی بڕیاردان لە چارەنووسیان بە سستی بەڕێوەدەچێت.

بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، داواکاری گشتی ھەرێم دەربڕینی بۆچوونی خۆی لەبارەی چارەنووسی دەستگیرکراوە مانگرتووەکانی شیلادزێ بۆ رۆژی چوارشەممە دواخستووە، وتیشی، ھۆکاری دواخستنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە راپۆرتی توێژەری کۆمەڵایەتی دەستگیرکراوەکان رەوانەی داواکاری گشتی نەکراوە و پەنجەمۆرەکانیشیان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەی تاوان نەکراوە بۆ زانینی ئەوەی ئایا ئەو دەستگیرکراوانە لە شوێنی تر داواکراون یاخود نا.

بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکانی ئەو دەستگیرکراوانە زۆر بە سستی بەڕێوەدەچن.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیاربوو ئەمڕۆ داواکاری گشتی بۆچوونی خۆی لەبارەی ئازادکردن یان ھێشتنەوەی دەستگیرکراوە مانگرتووەکانی شیلادزێ بدات، کە ماوەی دوو ھەفتەیە مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە و رەوشی تەندروستیی زۆربەیان خراپە.