وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆبوونەوەیەکی نا ئاسایی ئەنجامدا

2022-07-03   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نا ئاسایی لەبارەی کەیسی کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەدین ئەنجامدا و لیژنەیەکی بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارە بوونەوە و تەشەنەسەندنی ئەو ڕوداوانە پێکھێنا.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ یەکشەمە رێکەوتی ٣ی ٧ی ٢٠٢٢، کۆبونەوەی نا ئاسایی ئەنجومەنی وەزارەت بەڕێوەچو، کە تایبەت بو بە گفتوگۆکردن دەربارەی کەیسی مامۆستایان د. کاوان ئیسماعیل ڕاگری کۆلێژی یاسا و د. ئیدریس حەمە خان مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین– ھەولێر.

وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختیکردەوە، کەیسی مامۆستایانی زانکۆی سەڵاحەدین - ھەولێر، کەیسی وەزارەتەکەیان و تاک بەتاکی مامۆستایانی کوردستانە، ھەروەھا ئەنجومەنی وەزارەت داوا لە ھەمو لایەنەکان دەکات کە ھاوکاری دادگا بن بۆ سەلامەتی پرۆسەی لێکۆڵینەوەکان تاوەکو بە بڕیارێکی دادپەروەرانە ماف بۆ مافخوراوان بگەڕێندرێتەوەو سەبوری کەسوکاری قوربانیان بدرێت. 

راشیگەیاند، بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوە و تەشەنەسەندنی ئەو رووداوانە وەزارەتی خوێندنی باڵا، لیژنەی پەروەردەیی و زانستی و یاسایی بۆ بەدواداچونی ڕەھەندە جیاجیاکانی ئەم ڕوداوە نەخوازراوە پێکھێناوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دڵنیاییدا لەوەی ھەموو ھەوڵێک دەخەنەگەڕ لەپێناو پاراستنی ناوەندەکانی خوێندن و شکۆی مامۆستایان و ژینگەی خوێندن.