ئیسرائیل سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حزبوڵای خستەخوارەوە

2022-07-03   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئیسرائیل خستنە خوارەوەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حزبوڵای راگەیاند و حزبوڵاش دەڵێت، پەیامەکەیان گەیاند.

لێپرسراوانی سەربازانی ئیسرائیل رایانگەیاند، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە، کە لەلایەن حزبوڵاوە و لە خاکی لوبنانەوە ئاڕاستەی کێڵگەی "کاریش" بۆ غاز کرابوون، کە دەکەوێتە ناوچەیەکی جێناکۆک لە دەریای سپی ناوەڕاست. 

حزبوڵای لوبنانیش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو فڕۆکانە شەڕکەر نەبوون و قەبارەیان جیاواز بووە و بۆ ئەرکی ھەواڵگیری ئاڕاستە کراون، راشیگەیاندووە، ئەرکەکەیان جێبەجێ کردووە و پەیامەکەشیان گەیاندووە. 

ئاڕاستەکردنی ئەو فڕۆکانە لەکاتێکدایە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان سەبارەت بە خاوەندارێتی کێڵگەی غازی کاریش زیادیکردووە، ئەمریکاش بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە لە نێوەندگیرییدایە.ئیسرائیل دەڵێت ئەو کێڵگەیە دەکەوێتە ناوچەی ئابوریی تایبەت بە خۆی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدانراوە، بەڵام لوبنان داوای بەشێک لەو کێڵگەیە دەکات.