ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

2022-06-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی ھێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و فشارەکانی حکومەتی فیدڕالی بۆ وەبەرھێنەرانی بواری نەوت و گازی ھەرێم و پڕۆژە بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ دەخرێنەڕوو.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجام دەدات، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند تەوەرێک دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا بابەتی چەندبارەبوونەوەی ھێرشەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا و گرنگیی پێکھێنانی ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی و ڕێکارەکانی ھەردوو وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامەزراوەکانی نەوت و گاز دەرخرێتەڕوو.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری راشیگەیاند، لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا گوشاری بەردەوامی حکومەتی فیدڕالی بۆ وەبەرھێنەرانی بواری نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان لە پێناوی پەکخستنی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی سەرچاوەکانی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان کە ئەمەش بە ئاشکرا پێشێلکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانە باسدەکرێت.
ھەروەھا یەکێکی تر لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی بابەتی پڕۆژە بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ دەبێت.