ئەمڕۆ سێشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، پێشوازیان لە جەنەراڵ جۆن برێنان، فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عیراق و سوریا و شاندێکی باڵای سەربازیی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری پێشمەرگە و سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری ھەرێم و سوپاسالاری پێشمەرگە و ژمارەیەک لە فەرماندە و پلەدارانی پێشمەرگە ئامادە بوون، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و دواین ھەنگاوەکانی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و گرفتەکانی بەردەم پرۆسەکە و پێشنیارێکی ئەمەریکییەکان لەمبارەیەوە تاوتوێ کران.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کە لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش ھاوکاری ھەرێم بوون و پشتیوانی ھێزی پێشمەرگەبوون لە ڕووی مەشق و ڕاھێنان و پڕچەکردن و پێشخستنی توانا سەربازییەکان.
ڕوونیشیکردەوە پەرۆشیتان بۆ یەکخستن و چاکسازیکردن لە وەزارەتی پێشمەرگە مایەی دەستخۆشیە و سوپاسگوزارین و ڕاشیگەیاند ھەر پلانێک بۆ رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە دابنرێت پێشوازی لێدەکەین بەڵام پێویستە لەم ھەنگاوەدا ھەلومەرجی ھەرێم و واقیعی ئەمڕۆ لە بەرچاوبگیرێت و ھاوسەنگی بنەمابێت بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە نیشتمانییە و بە بەرنامەی کوردستانی بیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە و ھەرھەنگاوێکیش بنرێت دەبێت لە خزمەتی پاراستنی ئاسایشی ھەرێم بێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ ئەمریکا و ھاوپەیمانان دووپات کردەوە بۆ ئەو پشتگیری و ھاوکارییەی لە کاتی شەڕی دژی داعشدا و ئێستاش پێشکەش بە پێشمەرگەی دەکەن و جەختی لە پشتگیریی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە کردەوە.
لای خۆیەوە جەنەرال برێنان دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا لە پشتگیری و یارمەتیدانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لە ژێر چەتری وەزراەتی پێشمەرگە و یەک فەرماندەییدا کۆبکرێتەوە و بکرێتە ھێزێکی نیشتیمانیی پیشەگەر، کە بە ھێز و توانا بێت و بتوانێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.
دوایین پێشھاتەکانی شەڕی دژی تیرۆر و پێویستیی ھاریکاریی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و بەردەوامی پشتگیریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.