وەزارەتی خوێندنی باڵا: بۆ پاراستنی سەروەری یاسا و حەرەمی زانکۆکان ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر

2022-06-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم ئیدانەی ڕووداوی کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین لە ھەولێر دەکات و دەڵێت، لە پێناو سەروەری یاسا و پاراستنی حەرەمی زانکۆکان ھەموو ڕێکارێکی یاسایی دەگرنەبەر.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا، نیگەرانی دەربڕی سەبارەت بە ڕووداوە نەخوازراوەکەی زانکۆی سەڵاحەدین لە ھەولێر، کە خوێندکارێک بە چەکەوە ھێرشی کرد و بەھۆیەوە دوو مامۆستای زانکۆکە کوژران و کارمەندێکیش بریندار بووە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرباری سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو دوو مامۆستایە ڕاشیگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە دەستدرێژییانە دەکەن و لە پێناو پاراستنی سەرەوەری یاسا و پاراستنی حەرەمی زانکۆکان ھەموو ڕێکارێکی یاسایی دەگرنەبەر، ھیواداریشن ھەموو مامۆستایان و خوێندکاران و دەستەی ئەکادیمی زانکۆکان ھەماھەنگ بن بۆ ئەوەی نەھێڵن ئەو دیاردە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمی زانکۆکان و پەرەنەسێنن.