وەفدی یەکێتی لەگەڵ پارتی کاری دیموکراتی مالیزیا کۆبووەوە

2022-06-26   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنتۆنی لۆک سکرتێری گشتی پارتی کاری نیشتیمانی مالیزیا و ژمارەیەک سەرکردەی پارتەکە پێشوازیان کرد لە د. عزەت سابیر ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و زانا بێستون عەلی ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە وەکو وەفدی یەکێتی بەشدارن لە کۆنفڕانسی ڕێکخراوی جیھانی ھاوپەیمانی پێشکەتووخواز لە وڵاتی مالیزیا.

لە دیدارەکەدا تەئکید لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کرایەوە وباس لە پلان و کاری پێکەوەیی لە بوارە جیاوازەکانی حزبایەتی کرا، ھەردوولا کۆکبوون لەسەر ئەوەی بزوتنەوە سۆسیالست و دیموکراتەکان لە کیشوەری ئاسیا زیاتر ھاوکار و ھەماھەنگی یەکتربن.

ھەر لەو کۆبوونەوەیە زۆر خۆشحال بوون بەئەندام بوونی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە تۆڕی پارتە سۆسیال دیموکراتەکانی کیشوەری ئاسیا و دووپاتیان کردەوە کە ئامادەیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەکو پارتێکی کاریگەری ڕۆژ ھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا ھێز و توانایەکی گەورە بەو تۆڕە دەبەخشێت.

سڵاوی خۆیان بۆ بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان نارد و داواکاربوون کە پلانی کاری ھاوبەش لە نێوان ھەردوولادا ئەنجام بدرێت.

د. عزەت سابیر باسی لە بارودۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد و باسی لە ڕۆڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد لە پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و دەوری گرنگ و پۆزەتیڤانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو بارەیەوە.


لە کۆتایی دیدارەکەدا بەڕێز ئەنتۆنی لۆک دەوری یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بەرز نرخاند و زۆر سوپاس گوزاربوون کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ڕیشەکێشکردنی داعش کاریگەری گەورەی ھەبووە و تەئکیدی کردەوە کە پێشمەرگە دیفاعکەری سەرەکی بووە لە مرۆڤایەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.