کلیچدارئۆغڵو: ئەردۆغان بەنیازە ھەڵبێت بۆ ئەمریکا

2022-05-26   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کەمال کلیچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) رایگەیاند، سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕێگەی دامەزراوە پەروەردەییەکانی نزیک لە خۆی بەنیازە بڕی ٦١ ملیۆن دۆلار بگوازێتەوە بۆ ئەمریکا.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە شەوی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، کەمال کلیچدارئۆغڵو رایگەیاند ئەردۆغان بەنیازە ھەڵبێت بۆ ئەمریکا ئەگەر لە ھەڵبژاردنەکاندا شکستی ھێنا.

پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا، ئەو تۆمەتانەیان رەتکردەوە و ئۆمەر جەلیک وتەبێژی پارتەکە کیلیچدارئۆغڵوی بە ئەنجامدانی "ھەڵمەتێکی بوختانکردن" تۆمەتبار کرد.

دواتر ئیمرێ یڵماز، ئەندامی باڵای جەھەپە، چەند بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردەوە کە گوایە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکا بلاوکراوەتەوە و گواستنەوەی بڕی ١٠.٨ ملیۆن دۆلار پیشاندەدات لە ماوەی نێوان ئەیلوولی ٢٠١٤ و تەمموزی ٢٠٢٠.

لەسەر بەڵگەنامەکان ناوی ئەو دوو دامەزراوەیەی تورکیا ھەیە کە گواستنەوەی پارەکان ئەنجام دەدەن بە ناوەکانی Turgev  وEnsar، کە دوو دامەزراوەی نزیکن لە رەجەب تەیب ئەردۆغان. ئیسرا ئەلبایراک کچە گەورەکەی ئەردۆغان لە یەکێکە لە بەڕێوەبەرەکانی دامەزراوەی . Turgev

لە وتەکانیدا کیلیچدارئۆغڵو دەڵێت، "ئەوان دەیانەوێت لەم وڵاتە ھەڵبێن کە بەبێ یاسا وێرانیان کردووە بەرەو ئەمریکا بۆ ئەوەی پەنا بۆ یاسا ببەن. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەوان سەرقاڵی دانانی بناغەن بۆ دامەزراوەیەک. ھاوڵاتییەکی ئەمریکی دەکەنە سەرۆکی دامەزراوەکە، بەڵام بەڕێوەبردنی ڕاستەقینەی دامەزراوەکە ھی ئەندامانی بنەماڵەی ئەردۆغانە."

پێشتر سێشەممە، لە کۆبوونەوەی ئەندامانی پەرلەمانی پارتەکەیدا، کیلیچدارئۆغڵو قسەکانی خۆی ئاراستەی بەرپرسانی حکومەت کرد کە "تێوەگلاون لە تاواندا".