قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەبۆنەی ٢٣ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادی لاوان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەخوازین رێکخراوەکەتان ئەم ساڵیادە بکاتە وێستگەیەکی گرنگی پەرەپێدان و نوێبونەوە و جۆشدان و خۆسازدان بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی قۆناغی ئایندەی گەلەکەمان.
لە پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، " بەبۆنەی یادی ٢٣ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادی لاوان-ەوە، بە گەرمی پیرۆزبایی لە ئێوە و کادر و ئەندام و ھەڤاڵانی ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان دەکەم، ھیوای بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم."
دەشڵێت، " لەم یادە پڕشکۆیەی رێکخراوەکەتاندا وێڕای دوپاتکردنەوەی پشتیوانی بەردەواممان، داوای زیاتر گەشەکردنی چەندایەتیی و چۆنایەتیی رێکخراوەکەتان دەکەین."
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی ڕێکخراوی ئازادی لاوان
بەبۆنەی یادی ٢٣ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادی لاوان-ەوە، بە گەرمی پیرۆزبایی لە ئێوە و کادر و ئەندام و ھەڤاڵانی ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان دەکەم، ھیوای بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
لەم یادە پڕشکۆیەی رێکخراوەکەتاندا وێڕای دوپاتکردنەوەی پشتیوانی بەردەواممان، داوای زیاتر گەشەکردنی چەندایەتیی و چۆنایەتیی رێکخراوەکەتان دەکەین، بەئامانجی ھێنانەکایەی ماف و داوا رەواکانی لاوان و دروستکردنی ژینگەیەکی شایستە بۆ دەرخستنی تواناکانیان و برەودان بەبەھرەکانیان بەجۆرێک کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ژیان و گوزەرانی لاوان و سەردەمەکەیان بێت.
دەخوازین رێکخراوەکەتان ئەم ساڵیادە بکاتە وێستگەیەکی گرنگی پەرەپێدان و نوێبونەوە و جۆشدان و خۆسازدان بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی قۆناغی ئایندەی گەلەکەمان، بەجۆرێک ھاوتای ھەنگاوەکانی یەکێتی بێت بۆ خزمەت کردن بە لاوان؛ بەبەشداری خودی لاوان لە ھەموو بوار و کایەکاندا.
ھەمیشە لە پێشکەوتن و سەرکەوتنی بەردەوامدابن
قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال