ھاوپەیمانان لە رۆژئاڤای کوردستان گروپەکانی سەر بە تورکیای بۆردومان کرد

2022-05-26   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژئاڤای کوردستان ھێرشیان کردە سەر ھێزە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا و ھەسەدەش دەنگۆی کشانەوەی ھێزە ئەمریکییەکان رەتدەکاتەوە.

شەوی رابردوو دوو فڕۆکەی سەر بە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە گوندەکانی عەزیزییە و سەعید لەنێوان سەرێ کانی و تەل تەمر، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیایان بۆردومان کردووە، دوای بۆردومانەکەش فڕۆکەکانی روسیا بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە.

ھاوکات ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە ئەو ھەواڵانەی رەتکردەوە باس لە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن لە رۆژئاڤای کوردستان، ھەسەدە راشیگەیاند، توانیویانە لە خۆرئاوای سەرێ کانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا بخەنە خوارەوە.

زیادبوونی گرژییەکانی رۆژئاڤای کوردستان دوای ئەوە دێت رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، بەم نزیکانە قۆناغێکی نوێی ئۆپراسیۆنەکانیان لە باکوری سوریا دەستپێدەکات و وەزارەتی دەرەوەی سوریاش نامەیەکی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کرد و ھەوڵەکانی تورکیای بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام بە داگیرکاری و پاکتاوی رەگەزی ناو بردووە.