بازرگانی عێراق: تائێستا زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە

2022-05-14   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بۆ باشتر پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتدا، کۆمپانیای گشتی دانەوێڵەی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە دوو ھەفتەیە دەستیان کردووە بە وەرگرتنی بەرھەمی گەنمی ئەمساڵ لە جوتیاران، کە تائێستا سەدان ھەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.

کۆمپانیای گشتی دانەوێڵە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە زۆربەی لقەکانیان لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاست، دەستکراوە بە وەرگرتنی بەرھەمی ئەمساڵی گەنم و تائێستا زیاتر لە ٦٤٣ ھەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی بازرگانی کاریکردووە بۆ ھاوردەکردنی ملیۆنان تۆن لە گەنم لە چەند وڵاتێکی جیاوازەوە.
راشیگەیاندوە، زۆترین بڕی گەنم لە پارێزگای واست وەرگیراوە، کە تائێستا گەیشتووەتە ٢٠٧ ھەزار تۆن.

بۆ ھاندانی زیاتری جوتیاران بە مەبەستی ڕادەستکردنی بەرھەمی دانەوێڵەی ناوخۆیی، ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریداوە بە نرخێکی گرانتر لە ساڵانی ڕابردوو گەنم لە جوتیاران وەربگرێت و بودجەیەکی دیاریکراویشی تەرخانکردووە بۆ شایستە داراییەکانی جوتیاران.