وتار
لە نێوانی ھەولێر و بەغدا!
ئارێز عەبدوڵلا

بۆ یه‌كه‌مجاره‌ شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رگه‌ی پتر له‌ یه‌ك هه‌فته‌ مانه‌وه‌ له‌ به‌غدا بگرێ ئه‌و مانه‌وه‌یه‌ش به‌ڵگه‌ی چوونه‌ پێشێ هه‌رێمه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، كه‌ یه‌كه‌مینییان كێشه‌ی مووچه‌یه‌.

له‌ پازده‌ ساڵی رابردوودا نه‌ك هه‌ر دوو حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێم زۆر له‌ خه‌می چاره‌سه‌ری كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان نه‌بوونه‌، به‌ڵكو هه‌ردوو لایان له‌ دوای ده‌رفه‌تێكی له‌بار بۆ خۆیان ده‌گه‌ڕان!

لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق بێگومان نه‌ك هه‌ر نه‌یان ویستوه‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم جێبه‌جێ بكرێن، به‌ڵكو مرخێشی خۆیان له‌و مافانه‌ش خۆش كردوه‌ كه‌ وه‌ده‌ستهاتوون. واته‌ به‌دوای ده‌رفه‌تێكدا ده‌گه‌ڕان و ده‌گه‌ڕێن تا هه‌ندێك له‌و ماف و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی یٔێستای هه‌رێمیش كه‌متر بكه‌نه‌وه‌.

هه‌رچی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی راستی بۆ ده‌وڵه‌تی عێراق نه‌بوو، چونكه‌ پێی وابوو به‌ هۆكاری ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی پێیدا تێده‌په‌ڕێ ئه‌نجامه‌كه‌ی نه‌ك هه‌ر جێبه‌جێ كردنی ده‌ستور ده‌بێ، بگره‌ سه‌ربه‌خۆیشیی به‌دوادادێ.

 له‌ ئه‌نجامی ئه‌و دوو ئاراسته‌ سیاسیه‌ دژ به‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ك كێشه‌كان كه‌له‌كه‌ و ئاڵۆزتر بوون و له‌ لایه‌كی دیكه‌ش بێ متمانه‌یی و ته‌نانه‌ت گرژكردنه‌وه‌ی شه‌قامی عێراقیش له‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستانی به‌دوا داهات.

ئه‌و هاندان و گرژبونه‌وه‌ی شه‌قامی عیراقی ئێستا ئاستنگێكی گه‌وره‌ی به‌رده‌م حكومه‌تی فیدراڵییه‌، چونكه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌ عێراقیه‌كان گره‌وێكی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن!

رۆژانه‌ قسه‌ و باسی جۆراوجۆر ده‌بیسین، هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن ئۆباڵی هه‌موو قه‌یران و كێشه‌كان ئه‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی فیدراڵی، هه‌ندێكی تریش به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌یخه‌نه‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێم. له‌ كاتێكدا هه‌ردوو لایه‌ن  له‌و بواره‌دا به‌پێی رادده‌ی به‌رپرسیاریێتی ئۆباڵه‌كه‌یان له‌ ئه‌ستۆیه‌، به‌ڵام ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی تێی كه‌وتووه‌ به‌ په‌رۆشییه‌كی زۆره‌وه‌ هه‌وڵی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌دا، كه‌چی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عیراق ئه‌و قه‌یرانه‌ به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانن، بۆیه‌ خۆیان خستۆته‌ سه‌رپشت و ئاماده‌ی هیچ جۆره‌ سازشێك نین.

ئه‌و جۆره‌ سیاسه‌تكردن و ئه‌و شێوازه‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌ی وڵات یٔه‌گه‌ر بۆ تێكشكاندنی ئیراده‌كانی یه‌كتری، خۆسه‌پاندن و سه‌پاندنه‌ سه‌ریه‌كتری كه‌لكێكی هه‌بێ ئه‌وا بۆ دوارۆژی عیراق به‌گشتی به‌ زیان و ماییه‌ پوچی ده‌شكێته‌وه‌.

گفتوگۆكانی ئێستای حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا قوڕس و گرانن، به‌تایبه‌ت كه‌ حكومه‌تی فیدراڵی له‌ به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نییه‌، بۆیه‌ شاندی حكومه‌تی هه‌رێم  ناچاره‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك به‌یه‌كی لایه‌نه‌ ناكۆكانی عێراق كۆببێته‌وه‌ و رێك بكه‌وێت، ئه‌وه‌ش كارێكی وزه‌ پڕوكێنه‌ره‌.
ئێستا باری حكومه‌تی هه‌رێم لاره‌، لایه‌نه‌ سیاسیه‌ عێراقیه‌كانیش نایانه‌وێ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌ ده‌ست خۆیان بده‌ن، كه‌واته‌ رێككه‌وتنێكی به‌دڵی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین مه‌حاڵه‌، ئه‌سته‌مه‌. باشه‌ چار چییه‌؟

 وه‌ڵامه‌كه‌ی له‌م دوخاڵه‌ی خواره‌وه‌ كورت ده‌كه‌مه‌وه‌:
١- سوربوون و به‌رده‌وام بوونی حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر دیاڵۆگ و هه‌وڵدان بۆ چه‌ره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی پێویسته‌.
٢- ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌گشتی و هه‌رسێ لایه‌نی به‌شداربووی حكومه‌ت به‌تایبه‌ت هه‌نگاوی پێویست بنێن، چاكسازی له‌ جومگه‌ سه‌ره‌كیه‌كان بكه‌ن، كۆی داهاته‌كان بگه‌ڕێننه‌وه‌ گه‌نجینه‌ی حكومه‌ت و خه‌رجیه‌كان بخه‌نه‌ به‌رچاو، له‌لایه‌ك به‌شێكی گرنگی قه‌یرانه‌ داراییه‌كه‌ چارسه‌ر ده‌كرێ، له‌ لایه‌كی دیكه‌ش متمانه‌ی نێوان هاووڵاتیان و ده‌سه‌ڵات دروست ده‌بێته‌وه‌. كاتێكیش ئه‌و متمانه‌یه‌ دروست بووه‌وه‌ و دامه‌زراوه‌ نیشتیمانیه‌كان هه‌نگاوی دروستیان نا، ئه‌وا به‌ره‌ی ناوه‌خۆیی به‌هێز ده‌بێته‌وه‌ و نه‌یار و نا حه‌زانی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و عێراقێكی دێموكراسی و فیدراڵیش ناتوانن هه‌رێم ملكه‌چ بكه‌ن.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
12/19/2020 5:17:20 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...