وتار
سیستمی نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق
رێبوار محـمد سالح

هەڵبژاردن وەک ئامرازی بەرجەستەکردنی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات پەنای بۆ دەبرێت لە ووڵاتانی جیهاندا بەپێی تێپەربوونی کاتێکی دیاری کراو بەسەر هەڵبژاردنی پێشوودا ، ئەوماوەیەش لە زۆریك لە ووڵاتان وە لە عێراق دا بە ٤ ساڵی نوێنەرایەتی دیاری کراوە وەک ٥٦ ی دەستوری عێراق دا هاتووە .

لەیاسای هەڵبژاردن دا و لە دەستوری عێراقی دا هەڵبژاردنی پێشوەخت بە دەقێکی ئاشکرا رێکنەخراوە، ئەمەش وای کردووە ڕاجیاییەک دروست بێت لەسەر ئەوەی ئاخۆ سەرۆک وەزیران دەسەلاتی دیاری کردنی هەڵىژاردنی پێشوەختی هەیە ، بەڵام لە هەموو بارێکدا ئەنجام دانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەوەستێ لەسەر هەڵوەشانەوەی پەرلەمان لەلایەن خودی پەرلەمانەوە ( حل الذاتی)  ئەمەش بەداوای یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان یان بە داوای سەرۆک وەزیران بە رەزامەدنی سەرۆکی کۆماردەبێت و دواتر پەرلەمان هەلوەشانەوەی خۆی دەخاتەوە دەنگدانەوە بەپێی مادەی ٦٤ ی دەستور و سەرۆک کۆمار داوای ئەنجام دانی هەڵبژاردن دەکات لە ماوەی ٦٠ رۆژدا لەکاتی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانەوە، بەپێچەوانەوە دەسەلاتی جێبەجێ کردن بە هەردوو بەشەکەیەوە دەسەڵاتی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی نیە ، هەربۆیە تا پەرلەمان هەڵنەوەشێتەوە هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام نادرێت .

لەراستی دا هەڵبژاردنی پێشوەخت هەرچەن ئەزموونێکی نوێیە بۆ عێراق بەڵام دەتوانین بە پرۆسەیەکی ئەرێنی ئەژماری بکەین و لە زۆریك لە ووڵاتاندا پەنا بۆ ئەم جۆرە لە هەڵبژاردنە دەبرێت کاتێک چارەسەری کیشەکانی ووڵات ئاڵۆزدەبن ، بۆ نمونە ئسرائیل لە ساڵی  ٢٠١٨-٢٠١٩  هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجام دا ، ئەم جۆرە لە هەڵبژاردن رێگەخۆشکەرە بۆ گەشەی پرۆسەی دیموکراسی ، بە پێچەوانەی دواکەوتنی هەڵبژاردنەوە کە بۆشایی یاسایی لە ووڵاتدا دروست دەکات و پاشەکشە بە پرۆسەی دیموکراسی دەکات ، ئەم جۆرەیان زیاتر باوە لەو ووڵاتانەی کە لە قۆناغی ڕاگوزەری دیموکراسین وەک عێراق و هەرێمی کوردستان کە زۆرجار هەڵىژاردن دوادەخرێت یان پەرلەمان ماوەی نوێنەرایەتی خۆی درێژدەکاتەوە بە شیوازێکی نادیموکراسی .

لەیاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا کە لە پێناو هەڵبژاردنی پێشوەخت دا دەرچوێنراوە کۆمەڵێک گۆرانکاری سەرەکی تێدا کراوە کە گرنگترینیان بریتیە لە رێگەدان بە کاندیدکردنی تاکەکسی و دابەشکردنی بازنەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان بۆ چەندین بازنەی بچوکی تر ، لەم ووتارەدا تیشکی زیاتر لەسەر ئەم دوو تەوەرە دادەنێین .

سیستەمەکانی هەڵبژاردن بریتیە لە چۆنیەتی ترجمەکردنی دەنگە دروستە دراوەکان بۆ کورسی نوێنەرایەتی و چۆنیەتی دیاری کردنی کاندیدی سەرکەوتوو لە هەڵبژاردن دا ، ئەم سیستەمەش چەندین جۆری جیاوازی هەیە لە گرنگترینیان بریتیە لە سیستەمی زۆرینەی و سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەیی و سیستەمی تێکەڵاو ، ئەمانەش هەریەکەیان دابەش دەبن بۆ چەندین جۆری تر کە لێرەدا دەرفەت نیە باسی هەمویان بکەین .

لە عێراقی نوێ دا چەن جۆریك لەو سیستەمانە تاقی کراونەتەوە و وەک سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەییی و ماوەیبەهێزبەپێی یاسای هەڵبژادنی  ژمارە ١٦ ی ساڵی ٢٠٠٥  ، کە ئەم جۆرە سیستەمە دەتوانین بڵێین دادپەروەرترین سیستەمی هەڵبژاردنە چونکە هەموو لایەک بەپێی دەنگدەکانی خۆی کورسی نوێنەرایەتی بەردەکەوێ ، دواتر بەچەند قۆناغێ گۆرانکاری لە سیستەمی هەڵبژاردنەکان دا کرا، وە لە ساڵی   ٢٠١٣ ئەم سیستەمە گۆرانکاری تیدا کراو گۆرا بۆ سیستەمی سانتلیگۆ کە ئەمەش لە پێناو دەستەبەری بەرژەوەندی حیزبە گەورەکانی عێراق دا ، وەهەروەها لە ساڵی ٢٠١٨   دیسان هەموارکراو گۆرا  بۆ سانتلیگۆی هەوار کراو کە لەم هەموارەشدا حیزب و لایەن بچووکەکان زیاتر زەرەرمەند بوون لە کورسی نوێنەرایەتی ، دواگۆرانکاری بریتیە لە یاسای نوێی هەڵبژاردن کە تیایدا سیستەمی زۆرینە پەسەند کراوە ، وەک پشتر ووتمان ئەم سیستەمەش چەند جۆرێکی هەیە ، ئەوەی لە یاسای نوێ دا پێی وەرگیراوە بریتیە لە سیستەمی زۆرینەی یەک دەنگی نەگوازراوە ئەمەش بریتیە لەوەی کە دەنگدەر دەتوانێ تەنها یەک کاندیدک هەڵبژێرێ هەرچەندە ئەو بازنەیە زیاتر لە نوێنەرێکی بەربکەوێ ، دواتر بەپێی ریزبەندی دەنگەکان کاندیدی براوە دیاری دەکرێ ئەمەش بەپێی مادەی ١٥ برگەی ٤ لە یاسای نوێی هەڵبژاردن دا، لە خراپییەکانی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە کۆمەلێکی زۆر دەنگی دەنگدەران بەفیرۆدەچێت ، بەمانایەکی تر بەشێک لە دەنگدەران نوێنەریان ناچیتە پەرلەمان چونکە لەسەربنەمای زۆرینەو کەمینە کورسیەکان دابەشدەکرێ  .

وەهەوەها یەکێکی تر لەو گۆرانکاریانەی کە  لەم یاسایەدا کراوە بریتیە لە دەنگدانی تاکەکەسی ( التصویت الفردی) ، هەرچەن لەیاساکەدا باسی کاندیدی تاکەکەسی و لیستی کراوەی کردووە کە بەبروای ئێمە پێویست نەبوو یاسادانەر باسی لە لیست و لیستی کاراوە بکات مادام رێگە دراوە بە دەنگدانی تاکەکەسی ، ئەم جۆرە لە شێوازی دەنگدان باشی و خراپی خۆی هەیە ، لەباشییەکانی بریتیە لە گەشەو پێشکەوتن لە سیستەمی هەڵبژاردن دا وادەکات کە هەیمەنەی حیزب کەمبێتەوە و ڕۆڵی کەسانی بەتواناو خاوەن بڕوانامەی باڵاو پسپۆڕ و بەئەزموون  زیادتردەبێت ، ئەم خاڵەش سەرەکی ترین خاڵە کە ئەوانەی لەپشت ئامادەکردن و پەسەندکردنی ئەم یاسایەوەن شانازی بە دەرچوونیەوە بکەن و پێیان وایە عێراق لەم رێگەیەوە قۆناغێکی باش لە پرۆسەی دیموکراسی دەبرێت و رۆڵی گروپی چەکدارو میلشیات کەم دەکەنەوە ، بەڵام ئیمە پێمان وایە راستە ئەم جۆرە لەسیستەمی هەڵبژاردن ئەم باشیانەی تێدایە بۆ دەوڵەتانێک کە پرۆسەی دیموکراسیان پراکتیک کردبێ و لەئاستێکی  باشی گەشەی سیاسی و یاسا سەروەری دابن ، بەڵام پێمان وانیە ئەم خاڵەباشانەی ئەم سیستەمە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەدی بێت چونکە وەک دەزانین لە عێراق دا هێزی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و تەنانەت گرووپ و ملیشیای چەکدار پێکهێنەری سەرەکین وڕۆڵی باڵایان دەبێ لەیەکلایی کردنەوەی پرسەگرنگەکان دا و تەنانەت لەهەندێ کات و پرس دا زۆرینەی پەرلەمانییش گوێی لێ ناگیرێ .

بازنەکانی هەڵبژاردن یەکێکی ترە لەو بابەتانەی کە گرنگی زۆری هەیە لە سیسیتەمی هەڵبژاردن دا و لە عێراق دا بە پێی بڕیاری ژمارە ٩٦ی ساڵی  ٢٠٠٤ عێراق بە یەک بازنەی هەڵبژاردن دیاری کراوبوو ، ، دواتربەپێی یاسای ژمارە ١٦ ساڵی ٢٠٠٥ بازنەکانی هەڵبژاردن بە پێی ژمارەی پارێزگاکان دیاری کراو و سنوری هەرپارێزگایەک بە بازنەیەکی هەلبژردن دەستنیشان کرا ، ئێستاش بەپێی یاسای نوێی هەڵبژردن بازنەکان لەسەرئاستی پارێزگاکان دابەشكران بۆ چەن بازنەیەکی بچووک ، ئەمەش هەوڵێکە بەئاراستەی دیاریکردنی سنورێک بۆ سەڵاتی حیزب لە پرۆسەی حکومرانی عێراق دا ، ئەم خاڵەزۆرتین مشتومڕو گفتوگۆی سیاسی و یاسایی لەبارەوە کراوە تا دواجار لە رۆژی شەمە و دووشەمەی بەرواری  ( ٢٤ و ٢٦ /١٠/٢٠٢٠) پەسەندکراو بەشێوەیەک کە هەموو عێراق دابەش کرا بۆ ٨٣ بازنەی هەڵبژردن کە پێشتر تەنها ١٨ بانەی هەلبژاردن بوو ، ئەم جۆرە لە فرەبازنەی گونجاوە لەگەل هەردوو سیستەمی هەڵبژاردنی لیست و هەڵبژاردنی تاکەکەسی دا ، بەلام تاکو بازنەکانی هەڵبژاردن بچووک بێت پرسە ستراتیجی و نیشتمانییەکان فەرامۆش دەکرێن و زیاتر گرنگی بە ئاستی خزمەتگوزاری و پێویستیە رۆژانەییەکانی ناوچەکان دەدرێت ئەمەسەرەڕای ئەوەی کە ئەم سییستەمە کۆمەلێک خراپیی هەیە لەوانە گەڕانەوە بۆ هێزی خێڵ و عشیرەت ، و سەرۆک هۆزاکان رٶڵیان دەبێ لە دانان و یەکللای کردنەوەی کاندیدەکان دا بەتایبەت لە هەندێک بازنەی هەڵبژاردن دا  .

لە دابەشکردنی بازنەکان دا دەبێت بنەمای دادپەوەری رەچاوبکرێ ، بۆ ئەمەش چەن پێوەرێک دانراوە وەک ژمارەی دانیشتوان ، ژمارەی دانگدەران ، سنوری جگرافی ، سنوری ئیداری ، بەرەچاوکردنی ئەم پێوەرانە دادپەروەی دێتەدی لە دابەشکردنی کورسییەکان دا بەسەربازنەکانی هەڵبژردن دا ، لە هەندێک دەوڵەت دا بازنەکانی هەڵبژاردن لەرێگەی دادگایەکی تایبەتەوە دیاری دەکرێت وە بریاری دادگا شیاوی تانەلێدان دەبێت ئەگەر دادگا ئەوبنەمایانەی سەرەوەی پێشێل کردبێ، ئەمەش لەپێناو بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری  لە دابەشکردنی کورسیەکان دا ، ئەمریکا نمونەی ئەودەوڵەتانەیە کە بەم رێگەیە بازنەکانی هەڵبژاردن دیاری دەکات، لەهەندێک دەوڵەتی تردا بە نمونەی عێراق بەیاسا بازنەکانی هەڵبژاردن دیاری کراوە ، وە لەم شێوازەشدا دەبێت یاسادانەر پشت بەو پێوەرانەی سەرەوە ببەستێ لە دیاری کردنی بازنەکانی هەڵبژاردنەکان د ا ، بە پێی مادەی ٤٩  لە دەستوری عێراق هەرکورسیەکی پەرلەمانی نوێنەرایەتی سەد هەزار کەس دەکات ، ئەمەش واتە رێژەی دانیشتوان رەچاودەکرێ لە دابەشکردنی کورسیەکان دا بەسەربازنەکان دا ، بەڵام چۆن بازنەکان دیاری دەکرێ ؟ ، لێرەدا وەک باس کرا دەبێت سنوری جگرافی و ئیداری پێوەری سەرەکی بێت ، بەڵام پەرلەمانی عێراق لە دیاری کردنی بەشێک لەبازنەکان دا ئەم پێوەرانەی پێشێلکردووە ، بۆ نمونە سێ پارێزگاکەی هەرێم دابەش کراوە بۆ ١٢ بازنەی هەڵبژاردن و بەشێوەک هەندێک ناوچە لە روی ئیدارییەوە لەسنوری پارێزگایەکدایەو بەلام بۆ هەڵبژاردن خراوەتە سەر بانەیەکی تر ، (سلێمانی   ١٨ کورسی هەیە و دابەش کراوە بۆ ٥ بازنەی هەڵبژاردن  ، هەولێر ١٥ کورسی هەیە و دابەش کراوە بۆ ٤ بازنە ، ١ کورسی مسیحیەکانی هەیە   ، دهۆک  ١١ کورسی گشتی و ١ کورسی مسحیەکان هەیە و دابەشکراوە بۆ ٣ بازنەی هەڵبژاردن)،  بۆ نمونە بەشیك لە قەزای خانقین لەسەر بازنەی کەلار ئەژمار کراوە لەکاتێکدا سنوری ئیدارییان جیاوازە، ئەمەش بۆ پرۆسەی دەنگدان سلبیاتی خۆی دەبێت .

خاڵیکی تری گرنگ کە پاکی ونزاهەتی هەڵبژاردنی لەسەر دەوەستێ بریتیە لە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان ، ئەمەش لە عێراق دا ئەرکی دادگای فیدراڵییە و ئەم دادگایەش لە ئیستادا لەکاردانیە ، بۆیە قۆناغی دووەمی کاری پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی هەلبژاردن پەسەندکردنی یاسای دادگای فیدرڵییە کە لە ئیستادا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە .

لە دەرئەنجام دا ئەلێین دروست نیە سیستەمی هەڵبژاردنی ووڵاتێکی تر کە لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەوە جیاوازە بهێنرێت لە ووڵاتێکی تردا جێبەجێ بکرێ، هەربۆیە دەلێین سیستەمی  هەڵبژاردنی گونجاو ئەو سیستەمەیە کە لەگەڵ دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەر دەوڵەتێکدا گونجاوە .

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
11/2/2020 1:56:01 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...