بۆچی رۆژی شەھیدانی یەکێتی؟ (رۆژی وەفا و بەڵێن تازەکردنەوە)

20/11/2023
732 جار خوێندراوەتەوە

لەتیف نێروەیی

.

بەرلەوەی ٢٠/٥/٢٠١٣ کە لەلایەن ئەنجومەنی ئەوسای سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە رۆژی ٢١/١١ وەک رۆژی شەھیدانی یەکێتی پەسەند بکرێت، پرسی گەڵاڵەکردنی رێسایەکی تایبەت بە رۆژی شەھیدان لە ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی و دەزگای شەھیدان و مەکتەبی رێکخستن تاوتوێکرا و کۆدەنگیەک لەسەر دیاریکردنی رۆژێک بۆ شەھیدانی یەکێتی ھەبوو، دواجار لە ئەنجومەنی ناوەندی رەشنووسی رێسایەک پێشکەش بە مەکتەبی سیاسی کرا.

ھۆکاری سەرەکی بۆ دیاریکردنی رۆژی شەھیدانیەکێتێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەرکی جێبەجێکردنی مەراسیمی تایبەت و شایستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ (٢٦) ھەزار شەھیدی نەمر لەلایەن ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی یەکێتییەوە ئاسان نەبوو، چونکە رۆژانە لە دێھات، شارۆچکە، شارە جیاوازەکان چەندین مەراسیمی تایبەت بە یادی شەھیدان ئەنجام دەدران. ھەندێ مەراسیم بەپێی نزیکی جوگرافی لە ئۆرگانە باڵاکان وەکو مەکتەبی سیاسی، یان ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکران، ھەندێ مەراسیمی دیکە بەھۆی دوری سنوری جوگرافی لە ئۆرگانی باڵا، لەلایەن ئۆرگانەکانی خوارەوە دەکران وەکو مەڵبەند و کۆمیتەکان.

ھەندێ جاریش بەبێ ئاگاداری ئۆرگانە حزبییە کان، مەراسیمی یادی ھەندێ شەھیدی نەمر  تەنھا لەلایەن کەس و کاری شەھیدانەوە سازدەکران، ئەمەش رەخنەو گازندەی بەدوای خۆیدا دەھێنا و پرسیاری ئەوە دروست دەبوو، بۆچی ھەندێ مەراسیم لەسەر ئاستی باڵا و ھەندێ مەراسیمی دیکە لەسەر ئاستی خوارەوە و ھەندێ مەراسیمی تریش لەلایەن کەس و کاری شەھیدانەوە ئەنجامدەدرێن؟ لەلایەکی دیکەوە، روماڵکردنی مەراسیمەکان لەلایەن راگەیاندنی (ی.ن.ک) وە رەخنەی لێدەگیرا، چونکە لە توانای راگەیاندنەکەدا نەبوو کە بتوانێت ھەموو مەراسیمەکان راستەوخۆ پەخش بکات، ھۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەگەر (٢٦) ھەزار دابەشی رۆژەکانی ساڵ بکەین، دەبوایە رۆژانە مەراسیم بۆ یادی زیاتر لە (٧٠) شەھیدی نەمر بکرێت.

ھەندێجار راپۆرتێک لەسەر مەراسیمەکە بڵاودەکرایەوە، ھەندێ جاریش تەنھا بە ھەواڵێک باس لە یادەکە دەکرا، جاری واش ھەبوو کە بەھۆی زۆری یادەکان و نەبوونی ھەماھەنگی پێویست لەنێوان ئۆرگانە حزبییەکان و راگەیاندن و نەبوونی تیمی پێویست ھەموو مەراسیمەکان روماڵ نەدەکران، ئەمەش دیسانەوە نیگەرانی کەس و کاری شەھیدانی لێ دەکەوتەوە یان نیگەرانی مەڵبەند و کۆمیتەکانی ئەو سنورەی لێ دەکەوتەوە و پرسیاری ئەوەیان دەکرد، بۆچی بۆ ھەندێ مەراسیم بەرپرسە باڵاکان بەشداری تیادا دەکەن، بۆ ھەندێکی دیکە لە ئاستی پلە خوار بەشداری دەکەن؟ بۆچی ھەندێ مەراسیم راستەوخۆ پەخش دەکرێت، ھەندێ مەراسیم تەنھا راپۆرتێک یان ھەواڵێک لەسەری بڵاودەکرێتەوە؟ لەبەر ئەم ھۆکارانە و ھەندێ ھۆکاری دیکە، بیر لەوەکرایەوە کە رۆژێکی تایبەت بە یادی ھەموو شەھیدانی (ی.ن.ک) دیاری بکرێت بۆ ئەوەی ھەموو خانەوادە سەربەرزەکانی شەھیدان ھەست بە یەکسانی بکەن و بە بێ جیاوازی ئۆرگان و پلە و سنوری جوگرافی بەشداری لە مەراسیمی یادکردنەوەی کەس و کاری خۆیاندا بکەن و ھەموو ئۆرگانەکان و ھەڤاڵانی یەکێتیش لەو رۆژەدا بەبێ جیاوازی ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بکەن، بەڵێنی وەفاداری بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەرببڕن.

ئەگەرنا ھەموو رۆژێکی ساڵ بۆ یەکێتییەکان ھەر رۆژی شەھیدانە، چونکە ھیچ رۆژێک تێپەڕ نابێت، کە لەو رۆژەدا ھەڤاڵێک یان چەندین ھەڤاڵ، ھەندێ رۆژیش دەیان ھەڤاڵی نەمر، بە گیانی خۆیان شاباشی رزگاری یان نەدابێت.

ھیچ گوندێک، شاخێک، لوتکەیەک، ئەشکەوتێک، پێدەشتی گەرمیان و کوێستانێکی ئەم وڵاتە نییە قارەمانە نەمرەکانی یەکێتی پەیامی شەھیدستانیان پێنەگەیاندبێت.

ھیچ گەرەک و شەقام و کۆڵانێکی شارەکانی ئەم وڵاتە نەماوە قارەمانەکانی یەکێتی دەیانجار بە خوێنی خۆیان ئاویان نەدابێت.
ھیچ زیندانێکی سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو نەمابوو نیشتمانپەروەرەکانی یەکێتی لەبەردەم پەتی سێدارە پەیامی (کەم ژیان و کەڵ ژیان) یان بە گوێچکەی جەلادەکانی ئەو سەردەمە نەگەیاندبێت.

بۆیە ھەموو رۆژێکی ساڵا بۆ یەکێتییەکان و بۆ گەلەکەمان رۆژی شەھیدانە.

رۆژی ٢١/١١ یش رۆژی دەربڕینی وەفاو بەڵێن تازەکردنەوەیە بۆ گیانی پاکی شەھیدان کە درێژە بە رێبازە پیرۆزەکەیان بدەین.
٢٠/١١/٢٠٢٣