پێویستمان بە ھەڵمەتێکی نیشتمانیی چڕە بۆ خۆکوتان

04/05/2021
1025 جار خوێندراوەتەوە

ئەرسەلان پەرۆش

بۆ نموونە لە ھیندستان ژمارەی توشبوونی رۆژانە نزیک دەبێتەوە لە ٤٠٠ ھەزار کەس و مردنی رۆژانەش نزیکەی چوار ھەزار کەس دەبن، بەڵام لە بەرامبەریشدا وڵاتێکی وەک بریتانیا کەمبوونەوەی رێژەی تووشبوون و گیان لە دەستدانی بە کۆرۆنا راگەیاند و ھۆکارەکەشی بۆ کوتانی بەشی ھەرەزۆری ھاووڵاتیانی وڵاتەکەی بە ڤاکسینی کۆرۆنا گەڕاندەوە.
بێگومان جیاوازیی تاڕادەیەک زۆر لە تێڕوانین و بیرکردنەوەی ھاووڵاتیانی وڵاتێکی وەک بەریتانیا و وڵاتێکی وەک عیراق بۆ رووداو و پێشھاتە لەناکاوەکان و کۆی بوارە جیاوازەکانی ژیان ھەیە، بۆ نموونە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەموو جیھان بە تامەزۆرییەوە چاوەڕێی دۆزینەوە و بەرھەمھێنانی ڤاکسینی تایبەتی ڤایرۆسەکەیان دەکرد بۆئەوەی بتوانن خۆیانی پێ بکوتن و لە مەترسی ئەو بەڵایە رزگاریان ببێت و ھەر واش بوو، ئێستا لە بەریتانیا تەنھا بەشێکی کەمی ھاووڵاتیان نەبێت زۆربەی ھەرە زۆری دانیشتوانەکەی خۆیان بە یەکێک لە ڤاکسینەکان کوتاوە، ھەر ئەمەش بووە ھۆی کەمبوونەوەی رێژەی توشبوون و مردن و وڵاتەکەش لە حاڵی ئەوەدایە کە سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر کۆرۆنادا رابگەیەنێت.
لە لایەکی تریشەوە لە عیراق، بە ھەرێمی کوردستانیشەوە تادێت ژمارەی رۆژانەی تووشبوون روو لە ھەڵکشانە و ھاووڵاتیانیش چەندین رای جیاواز و ترسیان لا دروست بووە لەسەر کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینەکە و ھەر ئەوەش وای کردووە بەشێکی زۆر کەمی ھاووڵاتیان سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن و ڤاکسینەکە وەربگرن، چونکە دەنگۆی جیاواز لەبارەی کاریگەرییە نەرێنی و لاوەکیەکانیەوە بڵاو بووەتەوە، بەجۆرێک دوای گەیشتنی بڕێک لەو ڤاکسینە بۆ ھەرێم تا ماوەیەکی زۆر و بەئێستاشەوە لە بنکە تەندروستییەکاندا ماوەتەوە و زۆر کەس ئامادە نین خۆیانی پێ بکوتن، بەڵام دوای ماوەیەک و ھاتنی ڤاکسینی دیکە بەشێک لە ھاووڵاتیان سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان دەکەن و داوای کوتانیان بەو ڤاکسینە دەکەن نەک جۆرێکی دیکە.
ئەم ترسەی ھاووڵاتیان تائێستا وەک خۆی ماوەتەوە، ئەوەش وای لێکردوون دوودڵییەکی زۆریان لا دروست ببێت و نەتوانن خۆیان بە ڤاکسینە جیاوازەکانی تریش بکوتن، ھەربۆیە ئەگەر کار بەم شێوەیە بڕوات، ئەوا چاوەڕێی ئەوە مەبن کە کۆتاییھاتنی کۆرۆنا لە عیراق و بەتایبەتیش لە ھەرێم بەھۆی وەرگرتن یان کوتان بە ڤاکسینەوە بێت، بەڵکو دەکەوێتە سەر رەحمی ‌پەروەردگار و ئاستی خۆپارێزیی ھاووڵاتیان کە ئەمەی دواتریان ھەر نییە.
ماوەتەوە بڵێین ئەگەر بەراورد بکەین لە نێوان حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەھۆی ڤاکسینەکە و حاڵەتەکانی چاکبوونەوە، ئەوا دەگەینە ئەو راستییەی کە بەکارھێنانی ڤاکسینەکە کاریگەریی لاوەکی و خراپی ئەوتۆی نابێت و سوود و قازانجەکانی زۆر زیاترە لە زیانەکانی، چونکە ژمارەی ئەو کەسانەی کە تائێستا بەو ھۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن، بەڵام ملیۆنان کەس بەھۆی ڤاکسینەکەوە لەمەترسی رزگاریان بووە. ھەربۆیەش پێویستمان بە ھەڵمەتێکی نیشتمانیی چڕ ھەیە بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتیان و ھاندانیان بۆ بەکارھێنانی ڤاکسینەکە.