یەکێتی بۆچی دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە؟

25/02/2022
1175 جار خوێندراوەتەوە

حەمەزیاد مەولود

ئێستا بە پێی یاسای ھەڵبژاردن، ھەرێمی کوردستان یەک بازنەیە. واقیعی سیاسی و ھەژموونی دوو حزب لە دوو زۆنی سەوز و زەرد وایکردووە حوکمڕانییەکی تەندروست پیادە نەکرێت.

ئەوەی یەکێتی دەیەوێت ئەوەیە  کە ھەرێمی کوردستان لە ھەڵبژاردن بکرێتە فرەبازنەیی لایەنی کەم دابەش بکرێتە سەر  چوار بازنەی ھەڵبژاردن، بەمەش ھەر بازنەیە و پشکی خۆی بە پێی ڕێژەی دانیشتووانی بەردەکەوێت و دابەشکارییەکی دادپەروەرانە پیادە دەکرێت و ھەموو ناوچەکان بێ ستەم لێکردن نوێنەری خۆیان لە پەرلەمان دەبێت.

ئەم دابەشکردنەی ھەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانییە، شێوازێکی ھەڵبژاردنە خزمەت بە پڕۆسەی دیموکراتی کوردستان دەکات.

دابەشکردنی ھەرێمی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنە وادەکات ھەژموونی ناوچەیەک یان پارێزگایەک لە پەرلەمانی کوردستان نەمێنێت.

ھەروەھا پێویستە کورسی کۆتای پێکھاتەکانیش پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و دابەشی سەر چوار بازنەکە بکرێن و نوێنەرە ڕاستەقینەکانی خۆیان ھەڵبژێرن.