عێراق بەھای بانک و بەھای سیاسی !

28/12/2022
609 جار خوێندراوەتەوە

ئاسۆ عەبدولەتیف

لێدان لە سەقامگیریی و بەھای دینار لە عێراقدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، یەکەمین گورزی سیاسی و ئابوری بوو، بۆ کابینەکەی محمد شیاع سودانی و ڕەنگە بەرەو قەیرانی سەختی ھەڵایسان و تونێلی داخراوی بەرێت ئەگەر چارەسەری ڕیشەیی بۆ نەدۆزرێتەوە. 

سەرەتای ئەم دۆخە، ڕەھەندی مێژوویی قوڵی چەند کابینەیەکی گەندەڵە، بەتایبەت فشارو یاساکان بۆ دەرکردنی ھێزە بیانییەکان و سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و تەنگ پێ ھەڵچنینیان بە چوونە دەرەوە، لەکاتێکدا کۆڵەگەی سەقامگیری دراوی عێراقی بەشە سەرەکیەکەی پەیوەستە بە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناردنی پارەی کاشی دۆلار و دابینکردنی سیولەی بانکیی، واتە پاڵپشتی ھەندێک ناوەندو ڕێکخراوو بانکی دەرەوەیە کە عێراقی ھێشیۆتەوە بەتایبەتی؛ 

* بانکی فیدڕاڵی ئەمریکاو دابینکەری پارەی کڕینی قەواڵە داراییەکان لەگەڵ عێراق کە بڕەکەی ٣٨ ملیارد دۆلارە جگە لە پارەی فرۆشی نەوتیی کە ھەر ئەمریکا لێی بەرپرسە.

* ڕێکخراوی وەبەرھێنانی ڕاستەوخۆی بیانی، ئێف دی ئای، بێگومان پاڵپشتیەکانی ئەم ناوەندە بۆ بانکی ناوەندی عێراق و کڕین و بازرگانی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە، پشکدارییەکی دارایی نێودەوڵەتیە بۆ تێکەڵبوونی عێراق بە جیھانەوە. Foreign Direct Investment (FDI)

* بانک و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی SDR کە ناوەندێکی فەرمییە لە ساڵی ١٩٦٩ وە دروست بووە و سەرمایەو پاشەکەوت و یەدەگی پارەی نێودەوڵەتی تێدایەو عێراقیش لەو پارە یەدەگەی خۆی، دەیان ملیاردی لەم سندوقەدایە وەک یەدەگی پارەی نیشتیمانی و سەنەدات و زەمانات و ھاوکاریەکان و ئەوەش دیسان ناکرێ نادیدە بگیرێت.   

بەڵام ئەوەی کێشەی دابەزینی بەھای دیناری تۆخ کردەوەو کردیە فشار بەسەر دەسەڵاتدارانی عێراقەوە، ئەجێندای تاریک و تەڵخی سەردانەکەی سەرۆک وەزیری نوێی عێراق بوو بۆ تاران و بۆلای ڕەھبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی لەکۆتایی مانگی یازدەی ڕابردوودا ٢٩/١١/٢٩٢٢ و وەرگرتنی چەند دۆسیەو ڕاسپاردەیەکی ئەمنی و سەربازی و پاکتاوکردنی نەیارانی سیاسی و بەرھەڵستکاری کورد دژی ئێران.

بەھیچ جۆرێک ئەو جوڵەی ئەسپە پەسەند نەبوو لای ئەمریکیەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆیە ھەرزوو کەوتنە ئابڵوقەدانان و ڕاگرتنی ھەناردەی پارەی کاش و خەرجی و فرۆشی نەوتیی و سزادانی ھەندێک بانکی گوماناوی عێراق و تۆمەتبارکردنیان بە سپیکردنەوەی پارەو ڕەوانەکردنی دۆلار بۆ  دەرەوەی عێراق و بەدیاریکراوی بۆ ئێران لەکاتێکدا کۆنترۆڵکردن و سەقامگیری ئەمنی و سەربازی ھەر وڵاتێک پرۆسەیەکی ئاڵۆزەو یەکەمجار بە ڕێڕەوەکانی کۆنترۆڵکردنی سەقامگیری دراودا دەڕوات، دراوت جێگیربوو یاساو ئاسایش و سوپات جێگیر دەبێت.

بۆیە عێراق دەبێت سەرلەنوێ دامەزراوەکانی فۆڕمەڵە بکاتەوە بە تایبەت سیستمی بانکی و خۆی لە پاشاگەردانی و بەھەدەردانی سامان و مافیاگەری نەوت و بازاڕو ئۆلیگاریشی مالی و دزیی مونەززەم قوتار بکات و ھێندە شانازی بە یەدەگی پارەکانیەوە نەکات کە کۆدەکەی لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکایە. ئەوەی بەھای دراوی عێراق دەپارێزێت ئاسایش و ئازادی و سەقامگیری سیاسیی و بەدامەزراوەییکردنی کۆی جومگە سەرەکیەکانی دەوڵەتە نەک ئەجێندای ناڕوون و ناشەفاف.

ئایا ئەزانن ڕایتینگ Rating تەقیمی بانکی عێراقی لە کوێدایە؟

عێراق بەو ھەموو کەرەستە نەوتی و پارەو سامان و یەدەگە نەوتییەی خۆی و بە حساب ٩٦ ملیارد دۆلاری یەدەگی ھەیە کە بەشێکی سەنەداتە لای ئەمریکاو خەزێنەی فیدراڵی و بەشێکی زێڕەو ئەوی تری لە بانکی دراوی نێودەوڵەتیە. کەچی ڕایتینگی بانکیەکەی لە خراپترین دۆخدایە بەپێی ھەڵسەنگاندنەکانی  ئاژانسەکانی ( ئێس پی و فیچ و مۆدیس) کەوتۆتە دۆخی نەگەتیڤی -B،  بە ژمارەی ٢٣ لە ١٠٠، نزیک بە وڵاتانی مۆزەمبیق و کۆنگۆو ئیکوادۆرو نەیجیریا، وڵاتی دیکە ھەیە ڕایتینگی سێ AAA ھەیە وەک ئەمریکاو ئوسترالیاو دانیمارک و نورویج و سوید، واتە لە ڕیزبەندی ژمارە٩٠ بۆ  ١٠٠ دانراون. 

بۆیە دینارو دراوەکەی تابێت بێ بەھا دەبێت ئەگەر بانکەکانی لەو دۆخە پاسیڤەدا بمێنێتەوەو بەدامەزراوە نەکرێت و چیتر نەبێتە ناوەندی گەمەی لۆکاڵی ئاڵوگۆڕی دراوو سەفەقات بۆ سپیکردنەوەی پارە بۆ ئەقتابگەلی شیعی و حەشدو دەوڵەتانی دراوسێ، دەبێ ھەم بەھای بانکی و ھەم بەھای سیاسی بۆ بگەڕێتەوە ئینجا سەقامگیریی دراوەکەی بۆ دروست دەبێت.