ھەرێمی کوردستان بەباشی بەڕێوە نەبراوە!

02/02/2023
587 جار خوێندراوەتەوە

ئارێز عەبدوڵا

خاتوو پلاسخارت زووتریش وەک دۆستێکی دڵسۆزی گەلی کوردستان و بەرپرسیاریەتیە نێودەوڵەتیەکەشی چەند جارێکی تر ھۆشداری دابوە لایەنە کوردستانیەکان، بەڵام کاتێک کە راسپاردە و ئامۆژگارییەکانی دادنادەن، بەو شێوەیە و لەسەر بڵندترین سەکۆی سیاسەتی جیھانی ڕەخنە لە ھەرێم و ھەردوو ھێزە دەسەڵاتدارەکە دەگرێ. 

دیارە ئەگەر ئەو رەخنەگرتنەشی سودی نەبێ و بەخۆداچوونەیەوەکی سەرلەبەر نەکرێ، ئەگەری لە گرێژنە چوونی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لە گوینە.

ئێستا کاتی تومەت بەخشینەوە و ئۆباڵ خستنە پاڵ یەکتری نییە و لەھەمان کاتیشدا ھێشتا دەرفەت ماوە و نابێ لە دەست بدرێ، بەڵام ئەگەر پرسیار لە بەندە بکرێ کێ ھۆکاری دروستبوونی ئەو بارودۆخەیە؟

لە وەڵامدا کەمترین شت کە دەبێ بیلێم: ھەژموون و جومگەکانی دەسەڵات لای کام ھێزن ئۆباڵی سەرەکی و ئەرکی چارەسەرکردنیشی بە پلەی یەکەم ھەر لە ئەستۆی ئەون. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ھەموو لایەنەکان ھەر یەکەو بەپێی راددەی بەرپرسیاریەتیەکەی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و بەھێز کردنەوەی قەوارە و پێگەی حکومەتی ھەرێم بێنەوە مەیدان.

ئەوەی پلاسخارت گوتی زەنگێکی مەترسیدارە و زۆر لایەنی ھەرێمی و نێودەوڵەتیش چارەی کوردستانیان ناوێ، بۆیە ھۆشیاربونەوە و ئاگاداربوون ئەرکن.