قەیڕانی سیاسی تاکەی؟

15/01/2023
652 جار خوێندراوەتەوە

ئارێز عەبدوڵا

ئاشکرایە قەیرانی سیاسی کاریگەری خراپی بۆ سەر  باری ئاسایش، ئابووری، دیبلۆماسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت قەوارەی ھەرێمیش ھەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تادێ ئاڵۆزتر و قوڵتر دەبێتەوە!

ئایا دەکرێ لەم قۆناغەدا بەبێ یەکێک لە ھەردوو ھێزە سەرەکیەکەی کوردستان وڵات بەڕێوەببرێ؟ 
- خۆزگە. 

ئایا دەکرێ لەم قۆناغەدا بەبێ ھەردوو ھێزە سەرەکیەکەی کوردستان وڵات بەڕێوەببرێ؟
- خۆزگە.

ئایا دەرفەت و پێشھاتێک ھەیە کە جەنرالێکی پێشمەرگە کودێتایەک بەسەر دەسەڵاتی ھەرێمدا بکات و ھەموو ھێزەکان لەمەیدانی سیاسی دووربخاتەوە؟
- خۆزگە.

دیارە داری ئەوە خۆزگانە بەرناگرێ، چونکە بارودۆخی کوردستان لەو ئاستەدانییە، کە یەکێک لەو ئەگەرانەی تیادا بەدی بێ. کەواتە ھیچ دەرفەت و دەلیڤەیەک لەبەردەمدا نییە، جگە لە بەر چاوگرتنی ئەم واقیعە تاڵەی تیایدا دەژین و  دیالۆگ و رێککەوتن یان بەدیوە ھەرە نەخوازراوەکەیدا بەتەواوی وێرانکردن نەبێ.

ئەگەر بە پەنجان ھەڵە و کەموکوڕیە سیاسی و ئیدارییە گەورەکان بژمێرین چەندین دەستمان لەبەر دەبڕێن، بەڵام بەرژەوەندیی باڵایی وڵات لەژماردندا نییە، بەڵکو لە ڕێککەوتن لەسەر  کەمکردنەوە و نەھێشتنیاندایە. 

ئایا سەرۆکی حکومەت کە بەرپرسی یەکەمی دروستکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانیشە بەتەمای چییە؟ 
ئایا لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەتەمای چین؟

ئەوەی دیارە لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار و پاساوی نابەجێ ئامادەیی دانیشتن و دیالۆگ نییە، نەخاسمە چارەسەرکردنی قەیرانەکە.
کەس نییە نەزانێ ڕۆژێک زووتر و ھەنگاوێک زووتر بەئاراستەی لێکتێگەیشتن و لەبەرچاوگرتنی ھەڵومەرج و مەترسیە ئاییندەییەکان لەبەرژەوەندیی گشتی و ھەموو لایەکیشماندایە. کەواتە ئێمە چاوەڕێی چین؟

ئایا لە کوێ و کەی دەستپێبکەین؟ 

براینە دنیا شامی شەریف و کوردستانیش دوورگەیەکی ئارام نییە.