ھەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟

16/12/2022
351 جار خوێندراوەتەوە

ئارێز عەبدوڵا

مێژووی گەلان پێمان دەڵێ کاتێک ھەڕەشە دەرەکیەکان نزیک بوونەتەوە ئەوان بەیەکگرتوویی وەڵامیان داوەتەوە، ئەزموونی سیاسی خۆشمان ئەوەی سەلماندوە ھەر کاتێک گەل و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان یەک بووبن، نەک ھەر توانیومانە بەرگری لە خۆمان بکەین، بگرە سەرکەوتنی گەورەشمان تۆمار کردوە. 
کێ لەم بارودۆخە بەرپرسیارە و کێ بەرپرسیار نییە، کێ ئۆباڵی پتری دەکەوێتە ئەستۆ و کێ کەمتر  بابەتی ئەم باسە نین، بەڵام لە کاتێکدا ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی گەورە بووینەتەوە، کە ئاماژەکان پێمان دەڵێن ھەڵومەرج و کات لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان نین!
دەیان ساڵە گەلی کوردستان لە پێناوی مافەکانی خۆی قوربانی دەدات و سەری زمان و بنی زمانی سیاسیەکانیشمان ئەوە بووە کە دوژمنان و داگیرکەران مافەکانمان ناسەلمێنن و لە جیاتی دیاڵۆگ بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕوومان دەبنەوە. ئەوە ڕاستە، بەڵام ئەوە چەندین ساڵیشە ئێمە دەرفەتێکی مێژووییمان بۆ ڕەخساوە، کەچی خۆمان لە پیادەکردن و وەدەستھێنانی ئەو مافانەش بوار دوە کە دەوڵەت و دەستوری عێراق بۆیان سەلماندووین، نموونەی دەستوری ھەرێمی کوردستان!
 ئێمە لە پێناوی دیموکراسی و ئازادی قوربانی گەورەمان داوە، کەچی کەس دەستی نەگرتووین لە جیاتی (بەر تەسککردنەوە) ڕۆژ بە ڕۆژی پەرە و گەشەیان بەو مافە بنەڕەتیانەی مرۆڤ بدەین و نموونەیەک پێشکەش بکەین کە ئەوانی تریش ناچاربن چاومان لێ بکەن.
 بابەتی جێی رەخنە زۆر و گەورەن، بەڵام ئێستا کار گەیشتۆتە سەر ئەوەی نزا بکەین لەوە خراپتر نەقەومێ، چونکە نەک ھێشتا کەلچەر و نەریتی دیموکراسی لە کوردستان جێگیر نەبووە، بەڵکو پێکھاتەی ھێزە چەکدارەکان بەجۆرێکە کە ناکرێ لەم قۆناغەدا دڵنیابین کە لە ئەنجامی ململانێی توند بارودۆخەکە بە ئاقارێکی خراپتردا ناڕوا. 
ئێستا ململانێکی توند لە نێوان (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) ھەیە و ئێمە دەزانین ئەوە لە ئەنجامی پەنگ خواردنەوەیەکی دوور و درێژە و ھۆکارەکانیشی لامان ڕوونن، بەڵام لە پێناوی دیالۆگ و گەیشتن بە رێککەوتنێکی نیشتیمانی بە پێویستی نازانین پەنجە لەسەر ھەموو کەمو کورتیەکان دابنێین، ئەوەی ھەیە دەڵێین پێویستە لە پێناوی بەرژەوەندییە باڵاکان خۆمان لە بەرپرسیاریەتی نەدزینەوە و ھەموو لایەنەکان بە (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) و حزب و ڕێکخراوە کوردستانیەکانی تریشەوە ھەر لایەک بەپێی قەبارە و ھێز و توانای خۆی ئۆباڵەکە لە ئەستۆ بگرێ، دەنا ناگەینە ئەنجامێکی باش. 
بەڵی ھەلومەرجەکان نالەبار و جێگای نیگەرانیشن، بۆیە خەمساردی و کات کوشتن لەبەرژەوەندیی ھیچ کەس و لایەنێک نییە.
ھەڕەشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان دەرەکی و ناوخۆیین، ئەگەر ئێمە لەناوخۆدا قەیرانەکان چارەسەر نەکەین ئەوا بێگومان ناتوانین ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین، ئەگەر بەپێچەوانەشەوە کەسێک ھەبێ بڵێ قەوارەی ھەرێم مەترسی لەسەر نییە لێی تێناگات یان ڕاست ناکات.

ئارێز عەبدولڵا