کۆستێک دەکرێ ببێتە ھۆکاری تەبایی
لە دوای ڕوداوە کارەساتبارەکەی گەرەکی کازیوەی شاری سلێمانی کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر ھاوڵاتی بوونە قوربانی، ئەو ھەڵمەتی بە دەنگەوە ھاتنەی لێقەوماوان و فریاکەوتنیان کە گشت لایەنە سیاسی و حکومیەکان بە پەرۆشەوە وەک خەمێکی میللی لە ئەستۆیان گرت و لەیەکەم ساتەوە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و ئیدارەی سلێمانی وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی خۆیان، بەلێنیاندا گشت ھاوکاریەک پێشکەش بکەن بۆ فریاکەوتنی زیاتری ئەوانەی کەوتبونە ژێر دارو پەردوی خانوە ڕوخاوەکەوە و چارەسەرکردنی بریندارەکان و لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری ڕوداوەکە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی سنوری ئیدارەی سلێمانیان ڕاسپارد کە ھەموو ھەوڵەکانیان بخەنە کار.
لە لایەکی تریشەوە ھاتنە سەرھێڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پەرۆشی و خەمێکی میللی بەخشی بە ڕوداوەکە.
وێڕای نیشانە تراژیدیەکانی ڕوداوەکە، دەکرێت ئەو ھاوخەمی وکۆدەنگیە جەماوەرییە کە لە زاخۆوە تاکو گەرمیانی گرتەوە، ببێتە ھەوێن و پاڵنەرێک لە پێناوی نزیک بوونەوەی زیاترمان بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان کە کەس و کاری قوربانیەکان بەبەردەوامی تەئکیدیان لێ دەکردەوە، وەک چۆن لە کارەساتی تەقینەوەکەی شوباتی ٢٠٠٤ی ھەردووبارەگای مەڵبەند ولقی یەکێتی و پارتی لە ھەولێر ،خوێنی تێکەڵی ھەردوولا بوە ھەوێنی وەلانانی کێشەلاوەکیەکان و گفتوگۆکانی رێکەوتنامەی واشنتنی خێراتر کرد و ئەو کۆستە کارەساتبارە بوە ھاندانی چەسپاندنی تەبایی و کارکردنی پێکەوەیی.
|