بافڵ تاڵەبانی، وەک وتراوێکی کۆمەڵایەتیی

17/11/2022
565 جار خوێندراوەتەوە

گۆران ئیبراهیم ئەحمەد

بافڵ تاڵەبانی لە دیمانەکەیدا لەگەڵ کەناڵی ڕووداو، وەک بوارەکانی دیکە واتە (حزبیی و مەیدانیی)، سنووری کێشا، سنووری کێشا بۆ دیداری میدیایی و زانیاریپێدان و نواندنی رەفتاریی، واتە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی لەم دیدارەوە، "بەڕای من" سنووری کێشا لەنێوان دیدارە سیاسییەکانی پێش خۆی، ھیچ دیدارێ بەمشێوەیە ڕاشکاومان نییە، مەگەر لەناو کتێبەکاندا، بەو مانایەی ھەر سیاسییەک بیەوێت دیدار بکات و شت بڵێ، بەلایەنی کەمەوە لە پێدانی زانیاریی و رەفتاردا، دەبێ بگاتە سنووری دیمانەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئەگینا ئەوەی دەیڵێت زانراوە و گرنگ نابێت. بۆ نمونە بەرپرسێک  دێت باسی پەیوەندی پارتی و یەکێتیی دەکات، چی ماوە دوای بەڕێز بافڵ تاڵەبانی بیڵێت بۆ ئەم دۆخەی ئەو دوو حزبەی تێدایە؟
ئایا جورئەتی وتنی شتیتری ھەیە، ئەگەر ھەشبێ؟ ئایا وتنەوەی دووبارەکان گرنگیی دەبێ؟

بۆیە بافڵ تاڵەبانی لەو دیمانەدا تەنھا کاری سیاسیی نەکرد، بەڵکو کاری میدیایی، زانیاریی، ڕەفتاریی، ھێڵکێشانیشی کرد. کاری لەسەر بەرپرسانیتر کرد و ئەرکی سەرشانیانی قورس کرد، ئەگەر نەڵێم مەحوی کردنەوە و ھیچی بۆ نەھێڵانەوە!.

بافڵ تاڵەبانی ھێندە زانیاریی داوە، کە تا چەند مانگێکی دیکە خەڵک پێویستی بە زانیاریی سیاسیی ھەواڵگریی نییە. بافڵ تاڵەبانی زانیاریی سادەی نەداوە، بەڵکو زانیاریی لە رەگەزی زانیارییە قورسەکان داوە، ئەو زانیارییانەی رای گشتیی خاودەکاتەوە ریلاکس.

ئەم قسانەم وەسف نییە بۆ بەڕێز بافڵ، بەھیچ جۆرێک کارم بەکەس نییە جگە لە (اللە)، بەڵام وەک دەرکەوتەیەکی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، میدیایی، قسەی لەسەر دەکەم.

چاودێرانی کوردی باشوور بەس خەریکی قسەی سواوی کڵێشەیین بەناوی شیکردنەوەوە، لەکاتێکدا دەستیان کورتە و ناگات بە سادەترین لێکدانەوە فکریی و سرکەکان، ئەوەی ئەوان دەیڵێن، ڕای گشتییش ھەستی پێ دەکات.

بافڵ تاڵەبانی لەگشتێتیی دیمانەکەیدا یەکەمی بێ ڕکابەر بوو، نەک ڕووداو. تەنانەت پێشکەشکار نەیتوانی وەک میدیاکار بێت، بەڵکو لە رووخسار و جوڵەیدا دیاربوو نەیتوانی لەرووی دەروونیی یان زمانی جەستەوە، ھەژمونی بەسەر بافڵ تاڵەبانیدا ھەبێت، بەکورتی دبلۆماتیەتی میدیایی نەبوو.

بەکورتی، راشکاویی بافڵ تاڵەبانی لەزانیاریداندا، کۆتایی ھێنا بە زانیاریی دپلۆماتیانە و داپۆشراو و چەواشەکارانەی لێپرسراوانی حزبیی. شتێک نەماوەتەوە بیڵێن یان دایپۆشن، ئەوپەڕی دەتوانن زانیارییەکانی بافڵ تاڵەبانی دووبارە بکەنەوە یان بڵێن وەک کاک بافڵ وتی.

دوور نییە لەداھاتوودا بافڵ تاڵەبانی ببێت یان بکرێتە وتراوێکی کۆمەڵایەتیی و لە داواکردنی سەراحەتدا بوترێ کاک "بافڵانە" بدوێ. واتە ڕاشکاو بە.

رووداوی لەمجۆرەی بافڵ تاڵەبانی بۆ شڵەقاندنی گۆمی وەستاوی، سیاسەتی کوردیی، باشووریی لای من پەسەندە. بوارەکانی دیکەش پێویستی بەمجۆرە کەسانەیە، بۆ نمونە بواری ڕۆشنبیریی.