ئەلبومی (شار) و ئەفسوسێك

02/10/2022
1186 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات عەبدوڵڵا

(كەسێك میوزیك ناخی نەهەژێنێت هەرگیز متمانەی پێ‌ مەكە)

ویلیام شکسپیر لە شانۆیی بازرگانی ڤینیسیا

دەوترێت ئاستی پێشکەوتنی میللەتان بە میوزیکەکەی دەپێورێت، ھیچ میللەتێکیش نییە کە خاوەنی میوزیکی خۆی نەبێت، و لەو سۆنگەیەشەوە دەشێ بوترێ میوزیک دیاردەیەکە لەگەڵ بوونی مرۆڤدا یەکانگیرە، پەیوەندیی شیعریش بە میوزیکەوە پەیوەندییەکی تێکچڕژاوە، و ئەو فاکتەرانەی کە مرۆڤ بەرەو میوزیک کێش دەکەن ھەمان ئەو فاکتەرانەش دەبنە پاڵنەری وتنی شیعر، و لە راستیدا شیعر ریتم و میوزیکی وشەیە.

ھێمن موکریانی لە پێشەکیی دیوانی تاریک و رووندا دەڵێت لە وڵاتی ئێران دیوانی حافزی شیرازی لەژێر قورئاندا دادەنێن، وەک ئاماژەیەک بۆ کاریگەریی وشە ، گەلی کوردیش لەو بەھرەیە بەدەر نییە و نمونەی کەڵە شاعیرانی وەک نالی گەواھیی ئەم قسەیەیە.

بەڵام ئەفسوس کە ئێمە خاوەنی کەڵە شاعیرێکی وەک نالی و ھونەرمەندێکی پابەندی وەک عەدنان کەریم و میوزیسیانێکی زرنگی وەک کارزان مەحمود بین و بێ پشتیوانییەکی ئەوتۆ ئەفراندنێکی وەک ئەلبومی (شار) مان بە بێ بەرامبەر پێشکەش بکەن،   دوای دوو رۆژ لە بڵاوکردنەوەی ڤیوی لە یوتیوبدا نەگاتە١٠٠٠.

گەلی ئازەری یەکێکن لەو گەلانەی ناوچەکە کە خاوەنی خەرمانیکی دەوڵەمەندی میوزیکن و لە مۆزەخانەی میوزیکی باکۆی پایتەختدا زیاتر لە ١٥٠ ئامێری خۆیانیان نمایش کردووە. 

ئیڵنارە عەبدوڵڵایێڤا، یەکێک لە خانمە گۆرانیبێژە دیارەکانی ئازەربایجان، لە کۆنسێرتێکی بە شکۆدا بەخێرھاتنی ئامادەبوان دەکات کە لە چەندین وڵاتەوە بۆ ئەو کۆنسێرتەی ئەو ھاتوون، دەڵێت: من سپۆنسەرم نییە، سپۆنسەری من ئێوەن کە پاڵنەری داھینانەکانی ئێمەن.