ئاسایشی کوردستانی لەبەردەم گۆڕانکارییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا

15/09/2022
1766 جار خوێندراوەتەوە

د. یوسف گۆران

بەرپرسی مەڵبەندی دیراساتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

شەڕی ساردی نێوان دوو جەمسەری جیھانی؛ ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا ( سەرمایەداری و سۆسیالیستی) واقعێکی ناجێگێری لە زۆربەی جیھانی دەرەوەی ئەم دوو بلۆکە دروست کرد. جیھانی دەرەوەی ھەردوو بلۆکی رۆژھەڵات و رۆژئاوا، جگە لەوەی لە نێوخۆدا ناجێگیر، ئالۆز و دواکەوتو بوو، لە ڕوی دەرەکییەوە بەردەوام تووشی دەستێوەردانی ناڕاستەوخۆی سیاسی، سەربازی و ئەمنی دەبوویەوە. 

لە ‌دۆخێکی وادا زۆر لە نەتەوەکان و گەلانی بندەست بە سوودوەرگرتن لە ململانێی ھەژموونی نێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا توانییان خەباتی ڕزگارییخوازیی نیشتمانیی خۆیان پەرە پێ بدەن، تەنانەت ھەندێکیان بەرەو ئازادی یان بە سەربەخۆییی سیاسی گەیشتن.

بەڵام بە دامرکانەوەی ململانێی نێوان بەرەی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و ڕوخانی جەمسەری سۆسیالیستی، واقعی دەستێوەردان و ھاوکاری جیھانی زلھێزەکان بۆ جیھانی سێیەم، بزوتنەوە ڕزگارییخوازەکانی ئەم نێوچانە گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا ھات و تا ئاستێکی بەرچاو سنوردار کران. گۆڕانە دینامیکیەکانی ململانێکان زۆر بەڕونی لە بزوتنەوە ڕزگارییخوازەکانی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەت لای کورد و فەلەستینییەکان، وەدەرکەوت.

 سەبارەت بە ململانێی عەرەب-ئیسرائیل بە نەمانی یەکێتیی سۆڤێت، وەک ھێزێکی پشتیوانی گەلی فەلەستین و سەرجەم بەرەی عەرەبیی دژ بە ئیسرائیل و بەھێزبوونی سیاسی، ئابوری، سەربازی و تەکنۆلۆژیی ئیسرائیل، متمانەیەکی لای جووەکان دروست کرد کە چیتر عەرەب و فەلەستینیەکان ناتوانن ھەڕەشەی جددی بۆ سەر وڵاتەکەیان دروست بکەن، بۆیە باشتر وایە ئاشتییان لەگەڵدا بکەن، ھەرچی فەلەستینییەکانیشن بەھۆی نەبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی و کشانەوەی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی لە پشتگیرییکردنیان، ناچار قبوڵی ئەو کەتووارەیان کرد کە پرۆسەی ئاشتی لەسەر بنەمای ھەبوونی دوو دەوڵەت سەرپێ بخەن، کە دەمێک بوو نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٨ وە،‌ پێشنیاری بۆ خستبوونەڕوو.

 سەبارەت بە بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستانیش، ھەرچەندە دۆخەکە لەسەر کوردیش کاریگەری دیاری ھەبوو، بەڵام بە ئاراستە جیاواز و بەپێی کەتوواری دەوڵەتان جیاوازی ھەبوو. لە عێراق بەھۆی لاوازی و گەمارۆی نێودەوڵەتیی دژ بە عێراق دوای پەلاماری ١٩٩١ی بۆ سەر کوێت، لەم پارچەیەی کوردستان، توانرا دەسەڵاتێکی نیمچەسەربەخۆ پێکبھێنرێت، ھێزە ھاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان کە پێشتر یارمەتیدەر و ھاوکاری کوردستانی عێراق نەبوون، بوونە پارێزەری ئەم ناوچەیە. بەمەش باشووری کوردستان توانی خۆی بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ خۆی ڕابگرێت و ئەم ئەزموونەش بوو بە بنەما بۆ ڕۆڵی ئێستای ھەرێمی کوردستان لە عێراقی نوێدا. بەڵام بە لاوازبوونی ڕۆڵی مێژوویی ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان و دەرکەوتنی بەھێزی ئێران و تورکیا لە ناوچەکە و لاوازی ڕۆلی عێراق لە پاراستنی سنورەکانی، ھەنووکە شیرازەی پاراستنی سی ساڵەی ھەرێمی کوردستان لاواز و کەم بەھا بووە و پێویستی بە داڕشتنەوە ‌و پیاچوونەوەی نیشتمانیی ڕاستەقینە ھەیە.

 دەربارەی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش (ئێران)، پێش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێت، ڕوونتر دوای ڕاوەستانی شەڕی عێڕاق و ئێران، ئەم بزوتنەوەیە پاڵپشتی سەرەکی خۆی (کە عێڕاق بوو) لە دەست دا. کوردانی ڕۆژھەڵات جیاواز لە پارچەکانی دی زووتر لەو واقعە ھەرێمی و نێودەوڵەتییە نوێیە تێگەیشتن و بەڕەچاوکردنی دۆخی ئەزموونی نوێی باشووری کوردستان (عێراق) ھەموو جۆرە چالاکییەکی چەکدارانەیان ڕاگرت و دوورەپەرێزییان لە سنوورەکان کرد.

ھەرچەندە بزوتنەوەی باکووری کوردستان لە سەرەتاکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بە سوودوەرگرتن لە پشتگیریی سوریا و نێوچە ئارامەکانیان لە سنووری تورکیا، ھەرێمی کوردستان ھەڵکشانی گەورەی بەخۆوە بینی، بەڵام ئەو کاتەش پێشبینیی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتی و ھەرێمییەکان، ھانی پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەنقەرەی دا، بە ناوبژیوانی سەرۆک مام جەلال، لە ساڵی ١٩٩٣دا گەرچی کوورتمەوداش بوو، ئاگر بڕێک ئەنجام بدەن و بەرەو ئاشتی ھەنگاو ھەڵگرن. ھەرچەندە ئەم ھەوڵە بە ھۆکاری جیاواز شکستی پێ ھێنرا، بەڵام ئەو ڕاستیەی سەلماند کە دۆخی ھەرێمی و نێودەوڵەتی چیتر بۆ خەباتی چەکداریی درێژخایەنی کوردان گونجاو نابێت، بە تایبەت پاش گووشاری ئەنقەرە بۆ سەر دیمەشق (ساڵی ١٩٩٨) و دەرپەڕاندنی ئۆجەلان لە سوریا و پاشان دەستگیرکردنی لە کینیا.

  بۆ دوو دەیەی دواتر، پاش لەدەستدانی پاڵپشتی ھەرێمی بۆ پارتی کرێکاران و بەھێزبوونی زیاتری سەربازی و ئابووریی تورکیا، بزوتنەوەی چەکداری پەکەکە زیاتر بێھێز و کەمکاریگەر مایەوە و بەشی ھەرە زۆری ھێزە سەربازییەکەی بۆ دەرەوەی تورکیا کشاندەوە، بەمەش لای ئەنقەرە چیتر پەکەکە وەک ھەڕەشەیەکی سەربازیی گەورە بۆ سەر تورکیا نەما و زۆربەی ھەرە زۆری ھێزەکانی لە سنوورەکانی تورکیا دو‌رکەوتنەوە، بەم شێوەیە پەکەکە دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ لە خەباتی چەکداریی بێوچان، کەوتە دۆخێکەوە کە ھێزە چەکدارەکەی ھەنووکە ئەوەندەی ھەوڵی خۆپاراستن و مانەوە دەدات ئەوەندە توانای دەسپێشخەری سەربازی و کاریگەریی سیاسی و ستراتیژی نەماوە.

لەبەردەم ئەم واقعە ستراتیژییە نوێیەدا، وەک دەردەکەوێت کوردستانیان (چ لە کوردستانی عێراق یان ئێران یان تورکیا) پێویستیان بە داڕشتنەوەی بەرنامەی کاری سیاسی و ئەمنی خۆیانە، کە ڕەچاوی ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر ھێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا ھاتووە، بکەن. گرنگە سنور و توانا و ئەرکی نوێ بۆ ھێزی نیشتمانیی خۆیان دیاری بکەن، بڕیار لەسەر شێوەی خەباتی سیاسی وپاراستنی ئاسایشی کوردستانی لەسەر بنەمای پارسەنگی ھێزی سیاسی و سەربازی نوێ و دروستکردنی ھاوپەیمانیی نوێ و شێوەی نوێی تێکۆشانی خۆیان بدەن.