ئاشتکردنەوەی سووریا وەکو دواین دۆستی زویر

24/08/2022
7729 جار خوێندراوەتەوە

ڕێدیار خەلیل

ژمارەی ئەو ولاتانەی کە تورکیا پەیوەندیەکانی لە ئاستێکی باشەوە بەرەو ئاستێکی خراپ بردووە لە یانزە ساڵی رابردوودا زیاترە لەو دۆستانەی کە بەدەستی ھێناوە. یەکێک لەو وڵاتانەی لە یانزە ساڵی رابردوو لە پەیوەندیەکی دۆستانەوە گۆڕا بۆ دوژمنکارانە سووریایە. 

لە ماوەی ٢٤ سالی رابردوودا تورکیا و سووریا چەندین جار پەیوەندییەکانیان لە ئاست و دۆخێکی باش بەرەو دۆخێکی ئالۆز و تەنانەت بەرەو دەستوەردانی نا ڕاستەخۆ و ھەڕەشەی بەکار ھێنانی ھێز ١٩٩٨ لەلایەن تورکیا ھەنگاوی ناوە، ھیچ کاتێک ئالۆزی پەیوەندیەکانیان نێوان تورکیا-سووریا نەگەیشتۆتە ئاستی ١١ ساڵی رابردوو جگە لە سالی ١٩٩٨، ھەروەھا ماوەی تێکچوونی پەیوەندیەکانیان ھێندەی نەخایاندووە.

 لە دوای ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەل ئیمارات و سعودیە و ولاتانی تر، پاش دوو ساڵ لە گفتوگۆی نێوان ھەواڵگری سووریا و تورکیا، ڕەنگە لە ناوەڕاستی مانگی داھاتوو لە سەمەرقەندی ئۆزبەکستان بە ئامادەبوونی ڤلادیمیر پوتن، بەشار ئەسەد و رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆببنەوە. 

ھەر چەندە مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەی ڕەتکردەوە چونکە بەشار ئەسەد یەکێک نیە لە بانگێشتکراوانی لووتکەی شانگەھای، بەڵام ئاماژەی بە نیەتی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان کرد، کە تورکیا ئامادەیە بێ مەرج دەست بکەنەوە بە گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، "ئایا بەو خێراییە ھەموو شت لە "کن فیکون" ێکدا ئاسایی دەبێتەوە؟" 

پەندێکی تورکی ھەیە دەلێت "ھاوڕێی کۆن ھەرگیز ناتوانێت ببێتە دوژمن،" ڕەنگە ئەمەش بۆ پەیوەندی داھاتووی تورکیا-سووریا ڕاست بێت بەلام قورسە وا بە زوویش ببنە دۆست.

 گەرچی ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە لە میانەی وتارێکیدا بە مەبەستی دەربڕینی نیەتی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەل سووریا وتی "ئێمە دوژمنی ھیچ ولاتێک نین و دەمانەوێت پەیوەندیەکی باشترمان ھەبێت لەگەل ھەموواندا" گۆڕینی وتاری توندی ئەردۆغان لە داواکردن بە گۆڕینی ئەسەد و ڕژێمەکەی بەرەو وتارێکی نەرم لەژێر فشاری ئۆپۆزسیۆنی تورکیادایە بە تایبەت بابەتی ئاوارە سوریەکان کە نزیکەی ٤ ملیۆنن و ترسی ئەردۆغان لە ھەلبژاردنەکانی سالی داھاتوو پێوە دیارە کە گرنگترین ھەلبژاردنی ١٠٠ ساڵی رابردووە لە مێژووی تورکیادا، بەڵام لەگەل ئەوەشدا تورکیا لە گرنگی ئۆپۆزسیۆن سووریا باش تێدەگات و ھەر وا بە ئاسانی دەستبەرداریان نابێت، ئەردۆغان لەوە باش تێدەگات قومارچی ئاقڵ گرەو لەسەر زۆرترین ئەگەر ئەکات نەک کەمترین. 
 
لە پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان، ئۆپۆزسیۆنی سووریا ھەر زوو ھاو ئاواز لەگەل تورکیا دەستی بە لێدوان کرد، سالم مەسلەت، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا مەرجەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەشێکی خستە ڕوو بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی نێوخۆی سووریا. 

ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەل سعودیە و ئیمارات جیاوازە لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەل سووریا دا ڕەنگە بە ڕووکەش پەیوەندیەکان ئاسایی بکرێنەوە بەلام لە ئەرزی واقیعدا بەھەمان شێوە نابێت گەر ڕووش بدات ئەوا ئەو پرۆسەیە زۆر بە خاوی بەڕێوە دەچێت. 

ڕەنگە خالی بەھێز و جیاکەرەوەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان تەداخولی راستەوخۆی ڤلادیمیر پوتن بێت، لە ئێستادا ھەوڵی نزیک بوونەوە لە تورکیای ئەردۆغان ئەدات 
کە یەکێک لە ھۆکارە سەرەکیەکان شەڕی ئۆکراینە، کە جارێکی تر وای کردووە پوتین و تەنانەت رۆژئاواش لەوە تێ بگەن تورکیا دەکرێت رۆڵی یەکلاکەرەوەی ھەبێت لە ململانێکردنی ڕۆژئاوا لەگەل ڕووسیادا، بەو ھۆیەوە پوتین بانگھێشتی ئەردۆغان بۆ کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی ئاسایشی نێوان ڕوسیا و چین دەکات کە وا بریارە مانگی داھاتوو ئەنجام بدرێت.