بۆچی چیاكان دۆستی کورد نین؟

26/07/2022
2681 جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگ فەرەیدون نامدار

فەرهەنگ فەرەیدوون نامدار توێژەر و نوسەری سیاسیە و نوسینەکانی لە رۆژنامە نێودەوڵەتییەکاندا بە چەندین زمان بڵاوبوونەتەوە.

دابەشکاری کوردستان چیاکانن نەک پەیماننامەی لۆزان

پەیمان نامەی لۆزان کوردی دابەش نەکردووە بەڵکو دوپاتکردنەوەی ئەو دابەش بوونە بووە کە چیاکان دروستیان کردووە. بۆ نمونە ئەگەر لە شارێکی وەک ھەڵەبجەوە بچینە شاری پاوە لە کوردستانی ئێران تێچویەکی زۆری دەوێت لەگەڵ زیاتر لە پێنج کاتژمێر. لە کاتێکدا بە ھێڵێکی ڕێک تەنھا ٣٠ کیلۆمەترێک نێوانیانە.

چیاکان کوردیان لە جوگرافیایەکی دوورەدەستدا و بۆ پاراستنی خۆیان بۆ سەدان ساڵ قەتیس کردوە و لە ھەموو تەکنەلۆژیای و پێشکەوتنی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دوورخستوەتەوە و کورد نەیتوانیوە گەشە بکات چونکە پێی وابووە لە ناو چیاکاندا پارێزراون و دووژمنەکانی بە کۆنترۆل کردنی دەشتی بەردەم چیاکانی کوردستان کوردیان لە زیندانێکی سروشتیدا ھێشتووەتەوە.

سنورە ناوخۆی و دەرکییەکانی ئێمە بە دیاردەیەکی سروشتی دیاری کراوە کە پێی دوترێت چیاکان وە کورد بە دۆستی تەنھای خۆی دەزانێت بەڵام ھەرگیز ئەم ھاوڕێیە پرسیاری لێنەکراوە. کۆنترۆڵکردنی جوگرافیای کوردستان وەک بە بازنەکردنی چوارگۆشەیەک وایە.

ئێمە ھەمیشە پێمان وایە کە چیاکان بوونەتە ھۆی خۆشگوزەرانی کورد بەڵام ئەگەر بە وردی بڕوانینە جوگرافیا و جیۆپۆلیتکی کوردستان بۆمان دەردەکەوێت کە کورد لە یەکێک لە خراپترین جوگرافیاکانی جیھاندا گیرساوەتەوە.

ئەو دابەش بوونە کلتوری و زمانی، سیاسی و کۆمەڵاتیەی کە لە نیوان بەشە جیاجیاکانی کوردستاندا دروست بووە ھۆکارەکەی پەیمانامەیەک نییە و ھیچ "سنورێکی دەستکرد" ئەو جیاوازییە دروست ناکات لە کاتێکی کەمدا.

چیاکانی زاگرۆس وەک ڕێرەوی سەرەکی شارستەنیەتەکان بوون و ھەموو شارستەنیەتە گەورەکان بەشێک یاخود ھەموویان داگیرکردووە، لە فارسەکانەوە بۆ عەرەب و مەغۆل و ئەوروپیەکان.

چیاکانی کوردستان پشتێنەیەکی بازنەیی دروست ناکەن وەک قەڵایەکی سروشتی بۆ خۆپاراستن

چیاکانی زاگرۆس وەک ھیلالێک دەرپەڕیون لە ناوچە چەقی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، وە بە جوگرافیایەکی فرە نەتەوەیدا درێژدەبێتەوە، کە ئەم کێشەی سەرەکی چیاکانی زاگرۆسە یان کوردستانە.  کوردستان بە ڕووی ھەموو کیشوەرە جیھانیەکاندا کراوەتەوە و بەربەستێک لە بەرامبەر نەتەوە داگیرکەرەکان نەبووە بە درێژای مێژوو.

چیاکانی کوردستان پشتێنەیەکی بازنەی دروست ناکەن کە وەک قەڵایەکی سروشتی رۆڵ ببینێت و زەویەکانی ناوەوە بە کەمترین تێچوو بپارێزێت و بەرەپێشەوە بچێت وەک سویسرا یان ئێران، کە وەک قەڵایەکی سروشتی وان و بە ئاسانی دەتوانرێت بەرگری لە ناوەوەی چیاکان بکرێت و سەرچاوەکانیان لە پێشخستنی وڵاتەکانیان بەکار بێنن.

بەڵکو جیاکانی زاگرۆس بەرووی چەندین ھێزی گەورەدا کراونەتەوە و زۆر ئەستەمە بەو سەرچاوە کەمانەی کە زاگرۆس بەردەستی دەخات بەرگری لە دانیشتوانی چیاکان بکەیت.

ھەرچەندە کە چیاکان لە کاتی جەنگا بەسوودن بەڵام ھەرگیز ئەو سودەیان نابێت بۆ دروست بوونی شارستانیەت و بەرەوپێش چوون. چونکە بۆ شارستانیەت و دروستکردنی دەوڵەت دەبێت کۆنترۆڵی دەشت و پانای و ڕووبارەکان بکرێت نەک تەنھا چیاکان کە تەنھا خەڵکێکی کەم لە خۆ دەگرن.

ئەو گرنگیە سەربازییەی چیاکان ھەیان بووە لەم سەردەمەدا ھیچ سوودێکی نەماوە بەھۆی تەکنەلۆژیای سەربازییەوە کە بچوکرترین زیندەوەر لە قوڵترین ئەشکەوتدا بە ئاسانی دەکرێتە ئامانج.

چیاکانی زاگرۆس ھەرگیز شوێنێکی باش نەبوون بۆ دروستبوونی شار کە یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکیەکانی دروستبوونی نەتەوە و شارستانیەت، وە بەھۆی سروشتی ناوچەکەوە شارە کوردییەکان خاپورکراون و چیاکان نەیان توانیوە بیپارێزن لەبەرئەو ھۆکارانەی لە خوارەوە باس کراوە.

چیاکانی زاگرۆس بەشێوەکی زۆر نالەبار ھەڵکەوتون و کۆنترۆڵ کردنیان بە تەنکنەلۆژیای ئەم سەردەمەشەوە، سەر ئێشەیە. بەڵام ئەگەر زنجیرە چیایەک وەک بازنەی یان نیمچە بازنەی ھەڵبکەوێت، بێگومان دەبێتە ڕەحمەت بۆ ئەو گەلەی تێدا دەژی.

سویسرا کە بە شێوازێکی نزیک بازنەیەکی تەواو پێکھاتوە، زۆربەی کات لە ئاشتیدا بووە، لە جەنگە جیھانیەکاندا ھەمیشە بێلایەن بوون، کاتێک ھێزی ئەڵمانی ھەموو ئەوروپای خاپور کرد سویسریەکان لە بانکەکانی خۆیاندا قاوەیان دەخواردەوە، وە سویسرا بۆ ماوەی پێنج سەد ساڵە دیموکراسیەکی تەندروست و سەقامگیری ھەیە.

ھۆکارێکی سەرەکی ئەم خۆشگوزەرانیەی سویسرا جوگرافیاکەیەتی، چونکە جوگرایفیا کۆمەڵگە دەگۆرێت و سیاسەتی وڵات ھەمیشە بە فلتەری کۆمەڵایەتی و جوگرافیدا دەڕوات.

چیاکان خێڵ و ھۆزە کوردییەکانی کردە دوژمنی یەکتر

شەری نێوان ھۆزە کوردەکان و دوژمنکاری یەکتری دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دۆڵ و دەشتی چیاکان تەنھا دەتوانن کۆمەڵگەیەکی بچوک لەخۆ بگرن و، دوای گەورەبوونی ئەو کۆمەڵگە بەشێکیان لێ جیا بووەتەوە و بەھۆی بەرزی و سەختی چیاکانەوە لێک دابراون ھەم لە ڕوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەوە، کە وای کردوە چەندین عادات و شێوەزار دروست ببن ئە ئەم دابەش بوونەش شەرعیەتی داوە بە شەڕی نێوانیان.

بەم شێوەیە چیاکان کوردیان دابەش کرد و کردنی بە دوژمنی یەک لە کاتێکدا ئەوان بە باشترین ھاورێ ناوی دەبەن تا ئێستاش

ئەگەر جیاوازی زمانی ئیسپانی و پرتوگالی بکەیت ئەوە زیاتر لە سەدا نەوەدیان لەیەک دەچێت و لەیەک تێدەگەن بەڵام و بە دوو زمانی جیاواز لە قەڵەم دراون، بەڵام کوردی کرمانجی و سۆرانی بە ئاسانی لێک تێناگەن و پێویستە زمانی دووەم بەکاربێنن.

پێش دۆزینەوەی نەوت چیاکانی کوردستان تەنھا دەیانتوانی بەشی ئەوەنە سەرچاوە بدەنە کوردەکان کە پێبژین، وە ئەو سەرچاوانە بۆ دروستکردنی سوپا و دەوڵەت ھەرگیز بەس نەبووە و ھەمیشە کورد بە پشتیوانی دەرەوە جەنگی کردووە تەنانەت لە ئێستاداشدا. بۆیە میلەتێکی دێرینی وەک کورد ھەمیشە لە برسێتی و ناھەمواریدا ژیاوە.

لە ئێستادا ئەزمونی ھەرێمی کوردستان ئەوەی دەرخستووە کە نەوت ھەرگیز نابێتە ھۆی دروستکردنی ئابورییەکی باش بۆ ماوەیەکی درێژ، وە کێشەی ستراتیژیی بۆ ئابوریی و سیاسەت دروست دەکات. ھەرچەندە ئەگەر نەوتیش بۆ ماوەێکی زۆر نرخیکی باشی ھەبێت دەبێتە ھۆی دروستکردنی دەوڵەتێکی قۆرغکار و گەندەڵ، لەبەرئەوەشە بە بەکارھێنانی بەردەوامی نەوت دەوترێت "نەخۆشی ھۆڵەندی".

ھەرچەندە چەندین ماددەی کانزای لە کوردستان ھەیە بەڵام ئەم ماددانە دەگمەنن نین و لە زۆر شوێن ھەیە، وە دەرکرنی ئەم مادانە دیسان بەھۆی جوگرافیای سەختی کوردستانەوە زۆر زیاتر لەوەی تێدەچێت کە لەدەرەوە بیھێنیت، لە سەردەمی بازرگانی ئازادا ھیچ وەبەرھێنەرێک کانزای ناوخۆ بە نرخێکی زۆر زیاتر دەرناھێنێت. بۆیە چیاکانی کوردستان سەرچاوەی باش لە خۆ ناگرن.


چیاکان نەیھێشت کورد شار و شارستانیەتی گەورە دروستبکات


لەم سەردەمەدا کە زۆرینەی وڵاتان ھەوڵی پێکەوە گرێدانی وڵاتەکانیان دەدەن لە ڕێگەی جادە و بانەوە بەڵام لە کوردستاندا تا ئێستاش سیستمی نەتەوەیی گرێدراوی جادەی نییە، وە گەشتکردن لە سلێمانییە وە بۆ ئەستەنبوڵ یان تاران یان بەغداد ھەمان تێچوی یان زیاتری ھەیە وەک لەوەی لە سلێمانیەوە بچیت بۆ ھەوڵێر، ھەم لەڕوی کاتەوە ھەم لە ڕوی ماددیەوە.

ھەچەندە ئەمە ھۆکارێکی سیاسی ھەیە بەڵام دروست کردنی ئەم پرۆژەیە زۆر گرانتر و قورسترە وەک لەوەی وڵاتێک ببەستیتەوە بە یەکەوە کە دەشتایی بێت، وە ھەروەھا کوردستان ئەو ھێزە ئابورییەی نییە سود لە پرۆژەی لەم شێوەیە ببینێت. ئەمەش وایکردوە کە کوردستانی عێراق ببێتە دوو ناوچە کە بە داخە لە ئێستادا تەنانەت شیوەزاری خوێندنیش جیاکراوەتەوە خەڵکی ئەم دوو ناوچەیە شێوازی ژیانیان بەرەو لێک دورکەوتنەوە دەڕوات.

کوردستانی گەورە بە ھەمان شێوە دابەش بووە، بۆ نموونە ئەگەر بتەوێت لە شاری ھەڵەبجەوە بچێت بۆ پاوە ئەوا نزیکی شەش سەعات و سەد دۆلاری ئەمریک و سنوورێکی نێودەوڵەتی نرخەکەیەتی، تەنانەت لەم سەردەمەشدا! بۆیە ھیچ جێی پرسیار نیە بۆ کوردی ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا بەو شێوە لێکدابڕاون لە کاتێکدا لە مێژوودا زۆرینەی خەڵک لە کە لە ھەمانکاتدا ژیاون لە دەرەوەی دێھاتەکەی خۆیان ئاگایان لە ھیچی تر نەبووە.


کوردەکان بەبێ ئاگایانە خۆیان خۆستۆتە زندانێکی سروشتیەوە و لە ھەموو پێشکەوتنەکانی جیھان لە خۆحەشارداندا بوون، وە زۆرینەی ئەو تەکنەلۆژیایانەی بە جیاکانی زاگرۆس گەیشتون بریتی بووە لە چەک و تفات کە لە ڕێگەی ھێزە داگیرکەرەکانەوە گەیشتون، ھەر ئەوەندە بووە کورد بۆ جەنگی ناوخۆ بەکاری بێنێت و ئەمە تەنانەت بۆ ئەم سەردەمەش راستە.


ئێمە ھەمیشە وا بیر دەکەینەوە کەوا لە ھەموو شۆڕشەکانی کورد چیاکان یارمەتی دەرمان بوون، بەڵام ھەروەک لە سەرەوە باسکراوە، چیاکان نە سودی ئابوریی و نە سودی دارایی ھەیە، ھەرچەندە لە ساتی ڕوبەڕوبونەوەدا چیاکان سودێکی سەربازیان ھەیە بەڵام ئەمە بە پێچەوانەشەوە ڕاستە و لە سەردەمی چەکی لێزەر و GPS فرۆکەی سەرودەنگدا چیاکان ئەم سودەیان نەماوە.

زۆربەی شۆڕشەکانی کورد لەگەڵ وەستانی ھاریکاری دەرەوە و داخستنی چیاکان شکستیان ھێناوە، وەک ساڵی ١٩٧٥ یاخود گەڕانەوەی ھێزەکانی سەدام حوسەینی دیکتاتۆر دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١.


چیاکان کوردی کردە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت


چیاکانی کوردستانی تورکیا یەکێکن لە بەرزترین سەخترینەکانی جیھان، بەڵام شۆڕشی کورد لەوێ ھەمیشە شکست و ماڵوێرانی بووە.

لە ئێستادا پارتی کرێکارانی کوردستان ھیچ بەرگرییەکی پێناکرێت و تەنانەت یەک مەتر لە چیاکانی تورکیای کۆنتڕۆڵ نەکردووە. یان شۆڕشی کورد لە ئێران کە ھەمان چارەنوسی ھەبووە.

بەڵام ڕۆژئاوای کوردستان کە ھیچ چیایەکی ئەوتۆی نییە و زۆرینەی دەشت و گردۆڵکەیە نەبووەتە ھۆی ڕیگری لە دروست بوونی قەوارەیەکی کوردی لە ڕۆژئاوا، گۆڕانکاریی لە ھاوسەنگی ‌ھێز و لاوازبوونی سوریا و ھاریکاری دەرەکی ھۆکاری سەرەکی دروستبوونی ڕۆژئاوا، بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە چیاکان ئەو سودەیان نییە و شۆڕشکردن لە چیاکاندا زۆرجار خۆ دورخستنەوەیە و ھیچیتر.

ھەروەھا چیاکانی زاگرۆس بونەتە سنوری چەندین ئیمپراتۆریەت لە ڕابردوودا و زلھێز لە ئێستادا، بۆیە ئەو جوگرافیایەی کورد تێدا دەژی ئەگەر بمانەوێت بە ئاشتی و سەقامگیری حوکم بکرێت پێویستە بکەوێتە ژێر ھەژمونی تورکیا و ئێران. چونکە ئەمە پێویستیە جیۆپۆلەتیکیە بۆ ئەو دوو دەوڵەتە. عێراق پێی وایە بە بێ چیاکانی ھەرێمی کوردستان ناوەڕاستی عێراق بەرگری لێ ناکرێت و بە ئاسانی داگیر دەکرێت.

تورکیا ھەرگیز لە بەکارھێنانی ھێز سڵی نەکردووەتەوە لە کوردستانی سوریا و عێراقدا و ئێرانیش بە ھەمان شێوە.

بۆیە پێویستە کوردستان پرۆژەیەکی دەستپێبکات بکات بۆ پێگەیاندنی دیپلۆمات و سیاسی و زانای گەورە بۆ پاراستنی کورد و کوردستان، چونکە بەرەنگاربوونەوە و شۆڕشی چیاکان زۆرجار بونەتە ھۆی ماڵوێرانی بۆ کوردستان، ئەگەر بیر لەو قوربانیانە بکرێتەوە کورد داوێتی بۆ سەربەخۆی لە ھەر چوارد پارچەکە، ئەوا بۆمان دەرئەکەوێت ئەم ستراتیژیە ھەڵەیە و سەرکەتوو نابێت.

ھەر چیاکان بوونە ھۆی ئەوەی کورد ببێتە یەکێک لە گەورەترین ئەو نەتەوانەی کە تا ئێستاش دەوڵەتیان نییە، چیاکان دۆستی کورد نین بەڵکو تاکە پەنای کورد بووە بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت وە بە تاکە دۆست ناویان بردووە.